نەخۆشی هه‌وكردنی ئاڵووەکان چییە؟

تەندروستی

12/01/2021     ژمارەی بینراو 1332

هه‌وكردنی ئاڵووەکان


ڕاچڵه‌كین-

ئاڵووەکان دوو لیمفە گرێن دەکەونە هەردوو لایەکانی پشت قوڕگەوە، فرمانیان لەلەشدا بەرگری کردنە لەهەر ماددەیەکی نەخوازراو کەدێنە لەشەوە، شەڕ دەکات لەپێناو پاراستنی لەش لەهەوکردن، ئەگەر ئاڵووەکان توانای بەرگری نەماو تووشی هەوکردن بوو ئەوکات پێی دەڵێن هەوکردنی ئاڵووەکان "tonsillitis"، دكتۆره‌ قه‌شه‌نگ پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی قوڕگ له‌م بابه‌ته‌دا ڕونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌خۆشی كه‌وتنی ئاڵووه‌كان ده‌دات.

هەوکردنی ئاڵووەکان لەهەموو تەمەنێکدا ڕوودەدات بەتایبەت منداڵان بەهۆی ئەوەی بەرگری لەشیان لاوازە، نیشانەکانی بە قوڕگ ئێشە و سوربوونەوەی قوڕگ، هەڵئاوسانی ئاڵووەکان و تا دەست پێ دەکات.

ئەم نەخۆشیە بەهۆی چەندین جۆری جیاواز لە بەکتریاو ڤایرۆس تووشی مرۆڤ دەبێ، بۆ نمونە بەکتریای ستریپتۆکۆکاڵ steptococcal bacteria، ئەگەر ئاڵووەکان تووشی هەوکردن هاتن بەهۆی ئەم بەکتریاوە و چارەسەری پێویست نەکرا ئەوکات ئەوکات زیانی زۆرتر بەدوای خۆی جێدێڵێ.

بەڵام ئەگەر بە زوویی دەستنیشان کرا ئەوکات دەتوانرێ بە ئاسانی چارەسەر بکرێت، بەپێدانی چارەسەری پێویست دەتوانرێ کۆنتڕۆڵ بکرێ و نیشانەکانی پاش ۷ بۆ ۱۰ ڕۆژ تەواو دەبن.

نیشانەکانی هەوکردنی ئاڵووەکان چی؟
چەندین جۆری هەوکردنی ئاڵووەکانمان هەیە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین نیشانەکانی بڵێین ئەوانیش:
1- سووربوونەوە و ئازاری قوڕگ.
2- لەرز و تا.
3- گران قووتدانی خواردن یان قووتدانی بە ئازار disphagia.
4- ئازاری گوێ.
5- نەمانی ئارەزووی خواردن و ئازاری گەدە.
6- هەست بە ناتەواوی کردنی لەش.
7- هەناسە تەنگ بوون.
8- گڕبوونی دەنگ.
9- سەر ئێشە.
10- ڕەقبوونی مل و هەست کردن بە ئازاری مل و شەویلاگ بەهۆی گەورەبوونی لیمفەگرێیەکان.
11- دەرکەوتنی ئاڵووەکان بەشێوەی سوور، یانیش سپی و بوونی پەڵەی زەرد لەسەریان.
12- گێژبوون و بێتاقەتی.
لە هەندێک کەسدا بەهۆی تووندی نەخۆشیــەکە نیشانەکانی بۆ ساڵێک یان زیاتر درێژە ئەکێشن.

چۆن دەستنیشانی نەخۆشیەکە دەکەین؟

دەستنیشان کردنی نەخۆشیەکە دەکەوێتە سەر دکتۆری پسپۆر ئەویش بە تەماشا کردنی قوڕگی نەخۆشەکە دەبێت، پاشان وەرگرتنی سامپڵێک بۆ تاقیگە و چاندنی ئینجا پاش دەرکەوتنی پشکنینەکان دکتۆر دەتوانێ چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشەکە بکات.

چۆن چارەسەری هەوکردنی ئاڵووەکان دەکرێت؟
لەهەندێک کەسدا پێویستی بەچارەسەر نییە چونکە ڕێژەی توشبوونی هەوکردنەکەی زۆر نییە.
بەڵام لەهەندێک حاڵەتی تووند و درێژخایەن پێویستی بە وەرگرتنی دژە بەکتریا هەیە ئەگەر نەتوانرا چارەسەر بکرێ ئەوکات بە نەشتەرگەری بۆی لا دەبەن tonsillectomy.

دژە بەکتریاکان دەست نیشان دەکرێن بۆ چارەسەرو شەڕکردن لەگەڵ بەکتریاکان بۆ نەهێشتن و کوشتنی بەکتریاکان، زۆر گرنگە بۆ نەخۆش کۆرسێکی تەواوی چارەسەر وەربگرێت بەپێی ئەو خشتەیەی دکتۆر بۆی دادەنێت، وە دەبێت دکتۆر کاتێکی دیاریکراو بدات بەنەخۆش بۆ ئەوەی سەردانی بکاتەوە بۆ ئاگاداربوون لێی ئاخۆ دەرمانەکان کاریگەری لەسەری هەبووە یان نا.

نەشتەرگەری لابردنی ئاڵووەکان نەشتەرگەریەکی زۆر باوە، بۆ ئەوکەسانە ئەنجام دەدرێ کە چەندبارە ئاڵووەکانیان تووشی هەوکردن ئەبێ یان هەوکردنێکی درێژخایەنیان هەیە، ئەم نەشتەرگەریە بۆ کەسێک ئه‌نجام دەدرێ کە لەشی هیچ پەرچە کردارێکی نەبێ بۆ چارەسەرەکان، یانیش زیانی زۆری بەدوای خۆیەوە جێهێشتبێ.

بۆ سوربوونەوەی ئاڵووەکانت دەتوانی لە ماڵەوە چارسەرێکی سەرەتایی بۆ خۆت ئەنجام بدەی بۆ ڕزگاربوون لێی، ئەویش ئاو خواردنەوەی زۆر بەڵام زۆر سارد نەبێت، وە غەرغەرە کردن بە ئاوی گەرم و خوێ، گەرم داپۆشینی ملت، کوڵاندنی ئاو و هەڵمژینی هەڵمەکەی، دوورکەوتنەوە لە جگارە و خواردنی تیژ وەک بەهارات، زۆر نەخواردنی چەوری...، دەتوانی بۆ ئازارەکەت حەبی پاراسیتامۆڵ یان بروفین وەرگری ئەگەر هیچ کێشەیەکت لەگەڵ ئەم دەرمانانە نییە، بەڵام واباشە بەبێ پرسی دکتۆر بەکارنەیەن لەبەربوونی زیانەکانی.

زیانەکانی هەوکردنێکی درێژخایەنی ئاڵووەکان چین؟
سەرەتا لەگەڵ گەورەبوونی ئاڵوەکان تووشی کێشەی هەناسەدان دەبیتەوە و ناتوانی بەشێوەیەکی ئاسایی هەناسە بدەی بەتایبەت لەکاتی خەوتن، کەوایە لەگەڵ گران هەناسەداندا بۆمان دەردەکەوێ کە بەکتریاکە تەشەنەی سەندووە بۆ بەشی خوارەوەی هەناسەدان و بووەتە هۆی ئەستووربونی بۆری هەناسە، لەگەڵ هەناسەداندا هەست بە ئازارێکی تووند دەکەی لە سینگتدا، وە لەگەڵ هەناسەداندا دەنگی خیزەخیزێکی زۆر دەبیت لە سینگتدا، هەندێک جار هەوکردنەکە دەگاتە گوێ و ئینجا دەبێتە گرانبوونی گوێت و هەست بە ئازارێکی زۆری دەکەی، لەهەمان کاتدا و بەتایبەت لە منداڵان دەبێتە هۆی دروست بوونی برینی ناو دەم و ناهێڵێ خواردن بخوا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن