هۆكار و نیشانه‌كانی‌ هەستیاری لووت و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

تەندروستی

14/01/2021     ژمارەی بینراو 2287

هەستیاری لووت


ڕاچڵه‌كین-

نەخۆشی هەستیاری لووت بریتییە لە بوونی چەند نیشانەیەک وەک پژمینی زۆر و ئاو هاتن لە لووت و چاو، و خورانی لووت و چاو و گەروو له کاتی بەرکەوتنی دووکەڵ و تۆز و بۆن, گەرمی و ساردی, هەروەها دەنکە هەڵاڵە و توێشکی ئاژەل و ووردە مێرووی ناو تۆز (house dust mites).

لە کاتی بەرکەوتنی ناوپۆشی لووت بەو تەنانەی کە هەستیاری پێ هەیە، چەند ماددەیەک دەردەدرێن گرنگترینیان هیستامینە، دەبنه هۆی ئەو نیشانانەی که باسکران، به گوێرەی هۆکارەکان هەستیاری دوو جۆری هەیە و دكتۆر ئاراز پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی قوڕگ و گوێ و لوت دیارترینیان له‌م بابه‌ته‌دا ده‌خاته‌ ڕوو له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانی خۆپاراستن و چاره‌سه‌ر:

1. هەستیاری وەرزی; کە لە وەرزێکی دیاری کراو تووشی دەبێت، لێرە زیاتر به هۆی هەستیاری بە دار و درەخت و گژ و گیا دەبێت و له وەرزی بەهار روودەدات.

2. هەستیاری بەردەوام; نەخۆش به درێژایی ساڵ کێشەی دەبێت، زیاتر به هۆی ئەو تۆز و زیندەوەرانه دەبێت که بەردەوام لەگەڵمانن.

خۆپاراستن:
گرنگترین هەنگاو لە چارەسەری هەستیاری لووت پارێزییە، دەبێت کەسی نەخۆش هۆکارەکانی تووش بوون بە هەستیاری دیار بکات و بە گوێرەی توانا خۆی لێیان بە دوور بگری. وەک دوورکەوتنەوە لە تۆز و دووکەڵ و بۆن، گۆڕینی کار، دەرنەچون له کەشی تۆز و خۆڵ، هەروەها پۆشینی دەمامک لە کاتی پێویست.

چارەسەر:
1- ئەوانەی نەخۆشی وەرزییان هەیە دەتوانن ماوەیەک پێش دەست پێکردنی نیشانەکان چارەسەر بەکار بێنن.
2- ئەوانەی بە درێژی ساڵ کێشەیان هەیە دەتوانن بە بەردەوامی و به پێی زۆری و کەمی نیشانەکانیان چارەسەر وەرگرن.
3- دەرمانی دژه هستامین; ئەوانه چەند جۆرە دەرمانێکن لە شێوەی حەب و شرووب هەن، له کاتی بوونی نیشانەکان بەکار دێت، خێرا کار دەکەن و دەتوانرێ له کاتی نەمانی نیشانەکان وازیان لێ بهێنرێ.
4- سپرای ستیرۆیدی; ئەوەیان دەرمانی سەرەکی هەستیاری لووتە، جۆرە نوێکانی زۆر سەلامەتن و دەتوانرێ بۆ چەند ساڵێک بە بەردەوامی بەکاریان بێنی. کار کردنی خێرا نییە و دوای نزیکەی دوو هەفتە هەست بە کاریگەرییەکەی دەکرێت.
5- خۆ به دوور گرتن لە بەکارهێنانی حەب یان دەرزی ستیرۆیدی لەبەر بوونی زیانی لاوەکی زۆر و مەترسیدار.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن