راچڵەكین-
یاردەدەرێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، سەرۆك بارزانی چیایەكە مێژوو سەلماندویەتی ھیچ رەشەبایەك نایلەرزێنێ. دەشڵێت:" رووداوەكانی رابردوو شاھیدن كە بۆ ھیچ كام لە سەختییەكان خۆی نەچەماند و خۆی ناچەمێنێ."
رێباز حەملان، لەهەژماری تایبەتی خۆی بابەتێكی بڵاوكردووەتەوەو تیایدا بەقسەیەكی ئیمام شافعی دەستیپێكردووەو ئاماژەی بەوەكردووە:" لە ئیمام " شافیعی" یان پرسی: چۆن بزانین ئەھلی حەق كێیە لەزەمەنی زیاد بوونی فیتنەدا، ئەویش فەرمووی: دوای تیری دوژمن بكەون ئەوە ئەتانبات بۆ لای ئەھلی حەق!"
رێباز حەملان دەڵێت:"چەندین ساڵە تیری دوژمن ڕووی لە سەرۆك بارزانییە بەتایبەت دوای ئەوەی بە درێژایی مێژووی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان ئەم سەركردەیە توانی زۆربەی لایەنە سەرەكییەكانی ھەرێم كۆبكاتەوەو ھەروەھا توانی دەنگی زیاتر ٪٩٢ ی میللەتەكەمان بەھەموو جیاوازی ئاین و رەنگ و ئایدۆلۆژیا بە دەست بھێنێت و بلێ "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەرامبەر بە ھەموو شۆڤێنییەكان، بەرامبەر بە ھەموو نەیارە ناوخۆیی و ناوچەیی و دەرەكییەكان وەستایەوە و توانی شكۆی سەركەوتن وەك تاجێك بخاتە سەر سەری خەبات و قوربانیدانی میللەتێكی چەوساوە كەناوی گەلی كوردە."
"توانی بەشێكی گەورەی ئاواتی خوێنی شەھیدانی كوردستان بەو سەروەرییە گەورەیە لەسەر لاپەرەكانی مێژوو بە خوێنی ئاڵیان بنەخشێنێ."
رێباز حەملان، ئاماژەی بەوەشكردووە:" نەیار و دوژمنانی كورد لەم سەردەمەدا تەنھا سەرۆك بارزانی بە ئامانجی خۆیان دەزانن و تۆمەت و دژایەتی و تیرەكانیان روو تێكردوە بەڵام بارزانی چیایەكە مێژوو سەلماندویەتی ھیچ رەشەبایەك نایلەرزێنێ و رووداوەكانی رابردوو شاھیدن كە بۆ ھیچ كام لە سەختییەكان خۆی نەچەماند و خۆی ناچەمێنێ."