هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری کیسی بارسۆلین

تەندروستی

26/01/2021     ژمارەی بینراو 1073

هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری کیسی بارسۆلین


ڕاچڵه‌كین-


ڕژێنەکانی بارسۆلین لە هەردوولای دەرچەی دامێن هەن، بە قەبارەی دەنکێک بەزالیا، لینجاییەک بەرهەم ئەهێنن کە دامێن بە شێداری دەهێڵێتەوە، دكتۆره‌ سۆزان پزیشکی نەخۆشییەکانی ژنان و مناڵبوون و نەزۆکی باس له‌ دروست بوونی كیسی بارسۆلین ده‌كات له‌م بابه‌ته‌دا بۆ ئه‌وه‌ی‌ خانمان زیاتر هۆشیار بن له‌م نه‌خۆشییه‌ كه‌ توشیان ده‌بێت.

شلە لینجەکە بە ڕێڕەوی دامێن دێتە خوارەوە، بەڵام ئەگەر ئەم ڕێڕەوە داخرابێت ئەو شلەیە کەڵەکە ئەبێت و ئەگەڕێتەوە، ئەمەش کیسێکی هەڵئاوساو دروست دەکات، پێی دەوترێ کیسی ڕژێنەکانی بارسۆلین و زۆربەی جار بێ ئازارن، هەروەها نابنە شێرپەنجە.

نیشانەکانی کیسی بارسۆلین
1- ڕەنگە هیچ نیشانەیەکیت نەبێت، تا ئەوکاتەی کیسەکە گەورە دەبێت یاخود توشی هه‌وكردن دەبێت، لەم کاتەدا ئازارت دەبێت لەشوێنی کیسەکە.

2- سێکس کردن، پیادەکردن ڕەنگە ئازارت بۆ دروست بکات، ئەگەر کیسەکە گەورە بوو ئەکرێ لایەک لە پەڕەی ناولەشت لەخوارتر بێت لەوەی دیکە.

نیشانەکانی بوونی کیسێکی هەوکردووی بارسۆلین:
1- لەرز و تا
2- ئازارێک کە لەگەڵ کاتدا خراپتر دەبێت و پیادەکردن، دانیشتن و جوڵان قورس دەکات.
3- هەڵئاوسان لە شوێنەکەدا
4- بوونی دەردراو لە کیسەکە

هۆکارەکانی دروستبوونی کیسی بارسۆلین
پزیشکەکان تەواو دڵنیا نین کە بۆچی ئەم ڕژێنانە دەگیرێن، ئەو هه‌وكردنه‌ی کیسەکە دروستدەکات ڕەنگە بەهۆی بەکتریای E. coli بێت، وە زۆر بەکەمی ئەگەری هەیە بەهۆی ئەو بەکتریانەوە بێت کە بەڕێگەی سێکس دەگوازرینەوە، وەکو گۆنۆریا، کلامیدیا.

 بە نزیکەیی ۲ ئافرەت لە هەر ۱۰ ئافرەتێک دەکرێ توشی کیسی بارسۆلین ببن لە هەندێک کاتدا. بەگشتی لەتەمەنی ۲۰ دا ڕوودەدات، وە کەمتر ڕوودەدات لەگەڵ چوونە سەرەوەی تەمەن.

بۆ ئەوەی بە دڵنیای بزانی کە توشی کیسی بارسۆلین بوویت، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ پشکنین،  وە ئەگەر تەمەنت سەروو ٤۰ ساڵ بوو ڕەنگە زەرع بۆ بکرێت.

چارەسەرکردنی کیسی بارسۆلین:
ئەگەر پشکنینەکان دەریانخست کەتوشی هه‌وكردن بویت لەڕێگای سێکسەوە یان هەر هۆکارێکی تربێت ئەوا پزیشکەکەت دەرمانی دژەزیندەییت بۆ پێشنیار دەکات، وە ڕەنگە غسول یان مەرهەم پێویست بێت، وە لە هەندێک کاتدا پێویست بە چارەسەر ناکات.

 دانیشتن لەناو ئاوی شلەتێن بۆ ماوەیەک ڕۆژانە چەند جارێک یارمەتیدەرە لە تەقینی کیسەکە و نەمانی، هەروەها پاک ڕاگرتنی و تارات گرتن بە ئاوی شلەتێن یارمەتیدەرە.

 بە سێ ڕێگا پزیشک چارەسەری کیسی بارسۆلین دەکات ئەگەر ڕێگاکانی دیکە چارەسەری نەکرد:
1-نەشتەرگەری،بەدانانی تیوبێک، یارمەتی دەرچوونی شلەی ناو کیسەکە دەدات.
2-مارسوپیلیزەشن، بە بڕینی کیسەکە و دروستکردنی ڕێڕەوێک.
3- بە لابردنی ڕژێنی بارسۆلین، لەکاتێکدا ڕێگاکانی پێشوو چارەسەری نەکرد ئەوا ڕەنگە دکتۆرەکەت ئەم ڕژێنەت بۆ لاببات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن