"لەكوردستان گەندەڵی هەڕەشەیەكی جددییە و بەبەرفراوانی بوونی هەیە"

چاوپێکەوتن

03/02/2021     ژمارەی بینراو 527

حاكم ئەحمەد ئەنوەر

راچڵەكین-

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لەهەرێمی كوردستان دەڵێت، تائێستا لەكوردستان موستەلزەماتی پێویست بۆ دژایەتی گەندەڵی نییەو، دەڵێت دژایەتی كردنی گەندەڵی لەلایەن دەستەكەیانەوە پڕۆسەیەكی خاوە.

حاكم ئەحمەد ئەنوەر،دەڵێت:" بوونی گەندەڵی لەعێراق و لەكوردستان دیاردەیەكە لەوە دەرچووە كە هەموو لایەك دانی پێدادەنێت ئەوانەی لەدەسەڵاتدان و ئەوانەی لەئۆپۆزیسیۆنن، لەمیدیا و لەسۆشیال میدیاوە، بەداخەوە كوردستانیش وەكو عێراق كەتائێستا لەڕیزەكانی ڕیزبەندی پێشەوەی پۆلێنەكانی ساڵانەی ڕێكخراوەی شەفافیەتی نێودەوڵەتییە ئەگەرچی لەساڵی ڕابردوودا چەند پلەیەك هاتۆتە خوارەوە جاران لەپلەی هەشت بوو ئێستا بەرەو دوانزە و سیانزە ڕۆیشتووە بەڵام دیسان عێراق لەڕیزی پانزە وڵاتی یەكەمی پڕ گەندەڵییە لەجیهاندا، دیارە ئەگەر بارودۆخەكە بەو شێوەیەش نەبێت لەكوردستان بەڵام بەدڵنیاییەوە تائێستا لەكوردستانیش گەندەڵی هەڕەشەیەكی جددییە و بەبەرفراوانی بوونی هەیە بەڵام پۆلینی جیا نییە بۆ كوردستان چونكە كوردستان هەرێمێكە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدایە واتە ئەو ڕێكخراوانە پۆلێن ناكەن لەسەر بنچینەی هەرێم بەڵكو لەسەر بنچینەی وڵات دەیكەن لەبەر ئەوە ئێمە پێمان وایە كەگەندەڵی پەتایەكی ترسناكە و لەهەرێمی كوردستانیش كێشەیەكی زۆر گەورەیە لەبەردەم پرۆسەی چاكسازی و هەنگاونان بەرەو حوكمڕانیەكی باش."

دەربارەی دەنگۆی بەقاچاخبردن لەخاڵە سنورییەكان، حاكم ئەحمەد ئەنوەر، وتی:" مەسەلەی بەقاچاخ هێنانی كەلوپەل یەكێك نییە لەو ماددانەی كە دەستەی دەستپاكی پسپۆڕیەكی تێداهەبێت چونكە ئەو ماددانەی كەلێكۆڵینەوەی تێدادەكەین لەیاساكە باسكراوە بەڵام ئێمە یەك دوو كەیسمان هەبوو پێش ئەم ماوەیەی كۆتایی كە ئێستا بەفراوانی باس دەكرێت لەسەر كۆمپانیایەك بوو كەیەكێكیان لەمەرزی باشماخ بوو لەسەر بەكارهێنانی كەلوپەلی دەزگا ڕەسمییەكان لەكاتی دەوامدا بەڵام ئەوەی كەئێستا دەكرێت دیاردەیەكە لەدەرەوەی هەموو دامەزراوەی فەرمی حكومییە، زۆرجار دامەزراوەی حكومی بەجۆرێك لەجۆرەكان سوودی لێوەردەگیرێت ئێمە پێمان وایە چارەسەرەكەی لەهەنگاوی یەكەمدا ئەوەیە كەحكومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت ئاسایشی ئەو خاڵە سنوریانە بەهێزتر بكات پار بڕیارێك درا بەداخەوە جێبەجێ نەكرا، ئێستاش بڕیارێكی تر هەیە كە هێزێكی هاوبەش پێك بێت تا ئێستا زۆر زانیاری نییە كە ئایا دەستپێكرابێت یان نا."

وتیشی" بەدڵنیاییەوە دیاردەكی زەقە بەڵام ئەوەی جێگەی ئاماژەیە كە ئەو دیاردەیە لەزۆربەی خاڵە سنورییەكان ئەگەر نەڵێم هەموویشی هەیە بەڵام ڕەنگە بەڕادە و بەڕێژەی جیاواز بەدڵنیاییەوە ئەوەش لەئەنجامی لاوازی سەروەری دامودەزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانە و بوونی كۆمەڵێك بەرژەوەندی و پاوەری دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمی وادەكات تائێستا ئەو دیاردەیە بەردەوامی هەبێت لەكاتێك هەرێمی كوردستان خۆی بەقەیرانێكی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت پێویستی بەهەر دینارێكی زیاد هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت كەمێك لەبارودۆخی دارایی خۆی باشتر بكات لەبەرئەوە بەڕاستی ئێمەش لەگەڵ هەموو دامەزراوەی فەرمی هەر زانیاریەكمان بۆ هاتبێت لەسەر ئەو بابەتە ئەگەر پسپۆڕی ئێمەش نەبووبێت لەلێكۆڵینەوەكردن تێیدا بەدڵنیاییەوە ئاراستەی دادگاكانی لێكۆڵینەوەی دەكەین زۆرجار ئەگەر زانیاریەكە پێویستی بە "موسانەدەی" كارگێڕیش هەبێت ئاراستەی دەزگا ڕەسمیەكانی دەكەین، بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لەو پرۆسەیە دەڕوانیین چونكە هەرێمی كوردستان ئەگەر بیەوێت بەردەوام بێت و خزمەتی هاوڵاتیانی بكات و بیەوێت كێشەی ئابوری خۆی چارەسەر بكات دەبێت سەروەری یاسا بسەپێنێت بەبێ سەروەری یاسا دەوڵەتی هاوچەرخ و مۆدێرن بوونی نییە و لاواز دەبێت وە لەدەرەوەی دەوڵەت دەستە و باند و گروپی بەرژەوەندی جیاواز دەبێت كە ڕۆژ بەڕۆژ متمانەی هاوڵاتیان بەدامودەزگا ڕەسمییەكان لاوازتر دەكات."

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لەهەڕێمی كوردستان دەربارەی دەستگیركردنی چەند بەرپرسێكی خاڵە سنورییەكان و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەتۆمەتی گەندەڵی دەڵێت:" ئەم كەیسە ماوەیەكە لەسنوری پەروێزخان هەیە، ئەم دەستگیركردنەی ماوەی ڕابردوو لەدادگای دەرەوەی كەلارە، دادگای ناحیەی قۆرە تووە لەسەر سكاڵایەكی فەرمییە بەڵام پێشووتر كۆمەڵێك كەسی تر دەستگیركران لەسەر بابەتی ساختەكردنی پسوڵەی "ئیخراجی گومرگی" پێ دەوترێت كە پسوڵەكە بەدوو كۆپی دەكرێت یەكێكیان پارە فەرمیەكەیە كەوەردەگیرێت لەو كەسە دەیدرێتێت بەڵام پسوڵەی دووەم بەڕێژەیەكی زۆر كەمتر لەو پارەیە تۆماردەكرێت بۆ ئەوەی "داخلی داهاتی گشتی بكرێتەوە ئەو كەیسە لەدادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لەكەلار تا ئێستا لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت ژمارەیەكی زۆر تۆمەتباری تێدایە لەسەروو 40-45 كەس دەبێت بەشێوەیەكی بەردەوام دادوەر بانگییان دەكات، ژمارەیەكیان بۆ تەواوكردنی لێكۆڵینەوە دەستگیركراون بەڵام ئەمەی ئەم هەفتەیەی ڕابردوو ڕاستە وەكو پسپۆڕی، پسپۆڕی ئەم دەستەیەیە بەڵام ڕادەستی دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی نەكراوە بەڵام لەكۆتاییدا ئەویش ڕەوانەی ئەوێ دەكرێت چونكە بەپێی پسپۆڕی ئیشی دەستەی دەستپاكی دەبێت، لێكۆڵینەوە تێیدا لەكۆی كەیسەكە بەردەوامە پاش تەواو بوونی تێیدا دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری خۆی دەدات بەوەی كە كەیسەكە ڕەوانەی دادگای تایبەتمەندی بكات بۆئەوەی پرۆسەی دادگای كردن تێیدا بەڕێوەبچێت."

وتیشی" لە چەند ڕۆژی ڕابردوو پەیوەندیمان هەبوو لەگەڵ بەڕێزان دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لەگەرمیان لەبەر زۆری ژمارەی تۆمەتباران پێم وایە كاتێكی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەكە تێیدا تەواو ببێت ئەم بڕە خەمڵاندنی سەرەتایی هەیە كە لەنێوان 15-20 ملیار دیناری عێراقی دەبێت بەڵام لەوانەیە زیاتریش بێت، تا لێكۆڵینەوەكە تەواو نەبێت ڕەنگە حەجمی ڕاستەقینەی پارەكەش یەكلایی نەبێتەوە."

سەبارەت بەتێوەگلانی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەدۆسیەی ساختەكردنی ئەو پسوڵانە، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لەهەرێمی كوردستان دەڵێت" ئەو یەكێكە لەوان واتە ئەم یەكێكە لەكۆمەڵێك كەسی تر، پرۆسەیەكی وا گەورە نە بەكەسێك و نە بەدووكەس و چەند كەسێك ناكرێت ئەوە هەم لەمەودایەكی كاتی زۆردا كراوە هەمیش لەژمارەی بەشداربووان، من نازانم ڕۆڵی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن چۆنە بەڵام لە ئیفاداتی تۆمەتبارەكانی تردا هاتووە كەیەكێكە لەوان، لەسەر بنەمای ئەوەش دادوەری دەستپاكی فەرمانی دەركردنی بۆ دەركردووە لەبەرئەوە بابەتەكە پەیوەندی بەتۆمەتی "ئیختلاس" ەوە هەیە، واتە دزینی موڵكی گشتی لەبەرئەوە دادوەر ناتوانێت بە كەفالەتیش ئازادیان بكات هەتا پرۆسەی لێكۆڵینەوەكە تێیدا تەواو نەبێت."

"لەبەرئەوە هەوڵێكی زۆر هەیە كە دەستوبردێك بكرێت و لێكۆڵینەوەكە لە كاتێكی زووتر تەواو بێت ئینجا بڕیاری كۆتایی بۆ دادوەرە، دادوەر ئەگەر بینی بەڵگەكانی بەردەستی پێویستن بۆئەوەی كە ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند بكرێت بۆ قۆناغی دووەم كە قۆناغی دادگایی كردنە چونكە خاوەنی بڕیاری كۆتاییە لەو بابەتەدا وە چەند كەس لەوانە ڕۆڵیان هەیە لەو پرۆسەیە، ڕەنگە كەسی تر ناوی هاتبێت وەكو پێویست بەڵگەی لەسەر نەبێت لەبەرئەوە لێكۆڵینەوەش بەپێی یاسا دەبێت، قۆناغی لێكۆڵینەوە، قۆناغێكی نهێنییە"د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لەهەرێمی كوردستان وایوت"

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، ئەوەشی وت:" تائێستا ئەو تۆمەتبارانە دەستگیراون ئەوانەی چوونەتە بەردەم دادوەر كەدادەور بەباشی زانیبێت بمێننەوە، دەمێننەوە لەبەرئەوەی ماددەی "ئیختلاس" كەفالەتی تێدا نییە تاكۆتایی لێكۆڵینەوە ئەوانەی كەدادوەر بەپێویستی دەزانێت بمێننەوە دەبێت بمێننەوە بەدەستبەسەری."

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لەهەرێمی كوردستان ڕەتیكردەوە لەسەر ئەو كەیسە دەستوەردان و فشار لەدەستەكەیان و دادگا كرابێت لەو ڕوەوە دەڵێت" ئەم كەیسە هیچ دەستێوەردانی تێدانەبووە لەگەڵ دادوەر لەسەر خەت بووین لەگەڵ سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان، وە هیچ فشارێك نەبووە تائێستا بەشێكی زۆر لەوانە كەداواكراون چوونەتە بەردەم دادگا."

حاكم ئەحمەد ئەنوەر ئەوەشی وت:" بەڵام دەبێت بەواقیعی قسە بكەین كوردستان نەسویسرایە و نەسویدە و نەبۆتە وڵاتی سەروەری یاسا كەبڵێین دەستەی دەسپاكی هیچ گرفتی نییە گرفت زۆرە لەبەردەم دامەزراوەی دەستپاكی و دامەزراوە چاودێرییەكان هەم لەلایەنی زاتی و لە لاوازی توانای مرۆیی و ماددی و هەمیش لەپرۆسەی دژایەتی گەندەڵی لەهەرێمی كوردستان كە پرۆسەیەكە بەخاوی بەڕێوەدەچێت هێشتا كەرەستە و موستەلزەماتی پێوێست بۆ ئەو پرۆسەیە و بۆ پەرەپێدانی لەبەردەستی ئەو دامەزراوەیە نییە."

ئەوەشی خستەڕوو:" ئێمە كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەبوو كەسەردانیان كردین بەدوور ودرێژی لەسەر پێویستیەكانی ئاكتیڤ كردنی پرۆسەی دژایەتی گەندەڵی و لەوانەش دابینكردنی ئەو پێداویستیانە بۆ دەستەی دەستپاكی و بۆ دیوانی چاودێری دارایی و بۆ دەسەڵاتی قەزایی، وە تەرخانكردنی دادگایەكی تایبەتمەند بۆ دادگایی كردنی تۆمەتبارانی كەیسی گەندەڵی بۆ ئەوەی پرۆسەی دادگایی كردنەكە دوا نەكەوێت، ئەو پێداویستیانە تائێستا بەداخەوە لە بەردەست نیین لەبەرئەوە خودی پرۆسەی دژایەتی گەندەڵی كەدەستەی دەستپاكی پێی هەڵدەستێت پرۆسەیەكە تائێستا لەسەرخۆ و خاوە، بەدڵنیاییەوە پێویستی بەوە هەیە پەرەی پێبدرێت كەئێستا هەرێمی كوردستان پرۆسەی چاكسازی دەست داوەتێ."

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لەهەرێمی كوردستان زیاتر ڕوونیكردەوە" یەكێك لەكۆڵەكەكانی پرۆسەی چاكسازی ڕاستەقینە لەهەر وڵاتێك دژایەتی كردنی بەردەوام و سەرسەختی گەندەڵیە چ لەڕێگەی گەیاندنی تۆمەتباران بۆ دادگا چ لەقۆناغی خۆپارێزی بەكۆمەڵێك ئیجرائات هەیە لەقۆناغی وشیاركردنەوە دژ بەتاوانەكانی گەندەڵی تائێستا بەدڵنیاییەوە ئەو پرۆسەیە بەو شێوەیە بەرچاو و كاریگەرە بەڕێوەنەچووە بۆئەوەی سنورێك بۆ گەندەڵی دابنێت ئەوەش بەدڵنیاییەوە یەكێكە لەخاڵە سەرەكیەكانی بوونی ئیرادەیەكی سیاسی بەهێزە لەلایەن ئەو بەڕێزانەی كە فەرمانڕەوان لەهەرێمی كوردستاندا چونكە خاڵی یەكەمی پشتیوانی دامودەزگاكانی چاودێری بە دەستەی دەستپاكی و بەدەزگاكانی تر ئەوەیە ئەو بەڕێزانەی كە فەرمانڕەوان لە كوردستان قەناعەتێكی تەواویان هەبێت كەپرۆسەی دژایەتی گەندەڵی لەقازانجی خەڵكی كوردستان دەبێت لە قازانجی خودی ئەو بەڕێزانە دەبێت كە ئێستا متمانەی خەڵكیان بەدەست هێناوە و حكومەتیان دروستكردووە، بەپێچەوانەوە دواخستن و خاوبوونەوەی پرۆسەكە كە ئێستا بەشێوەیەكی بەربڵاو بەڕێوەناچێت لەزیانی ئەو بەڕێزانەیە چونكە هەر ڕۆژێك زیاتر بەرەنگاری گەندەڵی نەبینەوە بەدڵنیاییەوە لەقازانجی گەندەڵكارانە هەم سەروەت و سامانی زیاتر بەهەدەر دەچێت هەمیش متمانەی هاوڵاتیان ڕۆژ بەڕۆژ بەدامودەزگا ڕەسمییەكان لەقتر دەبێت."

س/ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن