رێژەی مردن بەهۆی كۆرۆنا لە توركیا بەرزدەبێتەوە

جیهان

18/02/2021     ژمارەی بینراو 246

راچڵەكین –

رێژەی توشبووان و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە وڵاتی توركیا، روو لە هەڵكشانی زیاتر دەكات و لەماوەی 24 كاتكۆی رابردوودا، زیاتر لە حەوت هەزارو 200 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆماركراوەو كۆی ژمارەی گیانلەدەستدانیش لەو وڵاتە 27 هەزارو 820 كەسی تێپەڕاند.

وەزارەتی تەندروستیی توركیا بڵاویكردەوه، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، 115 هەزار و 460 پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) ئەنجامدراوە، دەرەنجام حەوت هەزار و 241 كەس ئەنجامی پشكنینیان پۆزەتیڤ بووە و 83 كەسیش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەكانی ئەو وڵاتە، كۆی گشتیی تووشبووانی كۆرۆنا لە توركیا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 616 هەزار و 600 حاڵەت، ژمارەی گیانلەدەستدانیش بۆ 27 هەزار و 821 كەس بەرزبووەتەوە،  ژمارەی ئەو نەخۆشانەی پەتاكەشیان تێپەڕاندووەو چاكبوونەتەوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 504 هەزارو 50 كەس.

لەماوەی رابردوودا دەسەڵاتدارانی توركیا بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتری پەتای كۆرۆنا، چەند جارێك قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەرییان لە وڵات راگەیەند، سەرباری توندكردنی رێوشوێنەكانی خۆپارێزییش، بەڵام پەتاكە لە توركیا روو لە هەڵكشانەو ئێستا ئەو وڵاتە لە ریزبەندی نۆیەمی وڵاتانی جیهان دێت لەڕووی زۆریی توشبووانی كۆرۆنا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن