راچڵەكین-
ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە سەرانسەری جیھاندا دوای تووشبوونیان بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (Covid-١٩) چاكبوونەتەوە، ٨٦ ملیۆن كەسی تێپەڕاند.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە ماڵپەری "Worldometer"دا بڵاوكراوەتەوە كە بە پشت بە ئامارە نوێیەكانی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ دەبەستێت لە جیھاندا، ٨٦ ملیۆن و ١٢ ھەزار و ٥٨٧ كەس توانیویانە بەسەر نەخۆشیەكەدا سەربكەون.
ئەو چوار وڵاتەی بەرزترین رێژەی تووشبوون بەو پەتا جیھانییەیان تیادا تۆمار كراوە، ھەروەھا لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیشدا دێن كە زۆترین تووشبوو بە كۆرۆنا چاكبوونەتەوە.
بەم جۆرە ١٨ ملیۆن و ٧٥٨ ھەزار و ٧٧٥ تووشبوو لە ئەمریكا، ١٠ ملیۆن و ٦٧٥ ھەزار و ٤٧٨ تووشبوو لە ھیندستان، ھەشت ملیۆن و ٩٩٥ ھەزار و ٢٤٦ تووشبوو لە بەڕازیل و سێ ملیۆن و ٦٧٩ ھەزار و ٩٤٩ تووشبووش لە رووسیا چاكبوونەتەوە.
ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كە لە چین سەری ھەڵدا لە ماوەیەكی كورتدا، بە زیاتر لە ٢٠٠ وڵات و ھەرێمدا بڵاوبووەتەوە و بووە پەتایەكی جیھانگیر.
لە كاتێكدا لەسەرتاسەری جیھان ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە پەتاكە گەیشتووەتە، ١١١ ملیۆن و ١٦٤ ھەزار و ١٧٨حاڵەت، كۆی گشتیی ئەوانەی بەھۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ دوو ملیۆن و ٤٦٠ ھەزار و ١٥٣ كەس.