توركیا.. هەزاران حاڵەتی نوێی توشبوون بە كۆرۆنا تۆمار دەكرێت

جیهان

21/02/2021     ژمارەی بینراو 177

راچڵەكین –

ژمارەی حاڵەتە تۆماركراوەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە توركیا، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایەو لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە شەش هەزارو 500 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆماركراوەو كۆی ژمارەی گیانلەدەستدانیش لەو وڵاتە 28 هەزاری تێپەڕاند.

وەزارەتی تەندروستیی توركیا بڵاویكردەوه، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، 101 هەزار و 105 پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) ئەنجامدراوە، دەرەنجام شەش هەزار و 546 كەس ئەنجامی پشكنینیان پۆزەتیڤ بووە و 77 كەسیش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەكانی ئەو وڵاتە، كۆی گشتیی تووشبووانی كۆرۆنا لە توركیا بۆ دوو ملیۆن و 638 هەزار و 422 حاڵەت بەرزبووەتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتە 28 هەزار و 60 كەس، هاوكات ژمارەی ئەو نەخۆشانەی پەتاكەیان تێپەڕاندووەو چاكبوونەتەوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 532 هەزارو 760 كەس.

لەماوەی رابردوودا دەسەڵاتدارانی توركیا بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتری پەتای كۆرۆنا، چەند جارێك قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەرییان لە وڵات راگەیەند، سەرباری توندكردنی رێوشوێنەكانی خۆپارێزییش، بەڵام پەتاكە لە توركیا روو لە هەڵكشانەو ئێستا ئەو وڵاتە لە ریزبەندی نۆیەمی وڵاتانی جیهان دێت لەڕووی زۆریی توشبووانی كۆرۆنا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن