سێ وەزیری حكومەتی میسر تووشی كۆڕۆنا بوون

جیهان

22/02/2021     ژمارەی بینراو 152

راچڵەكین –

میدیاكانی میسر تووشبوونی سێ وەزیری حكومەتی ئەو وڵاتەیان بە پەتای كۆڕۆنا راگەیاند، زانیاری پێچەوانەش لەبارەی رەوشی تەندروستی یەكێك لەو وەزیرانە بڵاودەكرێتەوە.

بەگوێرەی میدیاكانی میسر، هەریەك لە وەزیرانی داد، دارایی، بازرگانی و پیشەسازی میسر تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بوون و بەو هۆیەوە بۆماوەیەك لە كارەكانیان دووردەكەونەوە.

هەرچەندە شەوی رابردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی میسر بڵاویكردەوە وەزیرەكەیان (نیڤین جامع) بەهۆی تووشبوونی بە پەتای كۆڕۆنا، لە ماڵەكەی خۆی سەرقاڵی بەڕێوەبردنی كاروباری وەزارەتە، بەڵام رۆژنامەی (اخبار الیوم)ی میسری، ئاشكرایكرد وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەرۆژی 13ی ئەم مانگەوە تووشی ڤایرۆسەكە بووەو بەو هۆیەشەوە بەتەواوەتی لە بەڕێوەبردنی كاروباری وەزارەتەكەی دووركەوتووەتەوەو هیچ زانیارییەكیش لەبارەی رەوشی تەندروستی نازانرێت.

بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی میسر، تائێستا 178 هەزارو 151 حاڵەتی تووشبوون بە كۆڕۆنا لەو وڵاتە تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش 10 هەزارو 353 كەس گیانیان لەدەستداوەو 137 هەزارو 837 تووشبووش چاكبوونەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن