بەرپرسێكی عیراق لەناو ماڵەكەی خۆی دەستگیركرا

عێراق

22/02/2021     ژمارەی بینراو 260

بەرپرسەكە لەچەندین دۆسیەی گەندەڵی تێوەگلاوە

راچڵەكین –

هێزێكی ئەمنی هەڵیكوتایە سەر ماڵی بەرپرسێكی پێشووی حكومەتی عیراق و بە تۆمەتی گەندەڵی، راپێچی بەردەم دادگایان كرد.

میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، شەوی رابردوو لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە یاوەری هێزێكی گەورەی سوات، لەشاری بەغدا هەڵیكوتایە سەر ماڵی عەلا رەسول محیەدین پشكنەری پێشووی گشتی لە وەزارەتی كارەبای عیراق و بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی، دەستگیریان كرد.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی، دەستگیركردنی ئەو بەرپرسەی پێشووی وەزارەتی كارەبا، بەهۆی چەند دۆسیەیەكی گەندەڵیی وەزارەتەكە دێت، كە ناوبراو یەكێكە لەو كەسانەی لە گەندەڵییەكاندا تێوەگلاوە.
سەرچاوە ئەمنییەكەی عیراق ئاشكراشیكرد، عەلا رەسول محیەدین جگە لە تێوەگلانی لە گەندەڵییەكانی وەزارەتی كارەبا، لەچەند دۆسیەیەكی گەندەڵیی وەزارەتی پیشەسازیش تێوەگلاوە، كە پێشتر بەڕێوەبەری گشتی بووە لەو وەزارەتە بەر لەوەی بۆ وەزارەتی كارەبا بگوازرێتەوە.

دەستگیركردنی پشكنەری گشتی پێشووی وەزارەتی كارەبا، لەچوارچێوەی پلانەكەی حكومەتی عیراق دێت بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی و دادگاییكردنی تۆمەتباران و تێوەگلاوان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن