كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان: نزیكەی 250 پارت و 30 هاوپەیمانی ناوی خۆیان بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنەكان تۆماركردووە

عێراق

23/02/2021     ژمارەی بینراو 146

راچڵەكین-

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەعیراق ئاشكرایكرد، تائێستا نزیكەی 250 پارتی سیاسی و 30 هاوپەیمانی ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو تۆماركردووەو چەند پارتێكی تریش لەسەروبەندی دامەزراندندان بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنەكان.

جومانە غلای- وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئەمڕۆ سێشەممە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، جگە لەو هاوپەیمانێتیانەی تائێستا لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە رەزامەندیان لەسەردراوە، هەشت هاوپەیمانی تر ناوی خۆیان تۆماركردووەو حەوت هاوپەیمانی دیكەش سەردانی فەرمانگەی كاروباری پارت و رێكخراوە سیاسییەكانیان كردووە بەمەبەستی تۆماركردنی ناویان بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا، جگە لەوە 59 كاندیدی تاك لەچەند پارێزگایەك و هاوپەیمانێتیەكی تر كە تەنها لەلایەن كاندیدێكەوە پێشكەشكراوە، ناویان تۆماركردووە.   

وتیشی، تائەمڕۆ 249 پارتی سیاسی ناویان تۆماركردووەو 58 پارتی تر لەسەربەندی دامەزراندندان و 86 پارتی تر سەردانی كۆمسیۆنیان كردووە بۆ تۆماركردنی ناویان.

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەوەشی روونكردەوە، تائێستا 915 هەزارو 360 هاوڵاتی تۆماری دەنگدانی خۆیان نوێكردووەتەوە، هاوكات 15 ملیۆن و 459 هەزار كەسی تر كارتی بایۆمەتریان نوێكردووەتەوە.

ئەوەشی روونكردەوە، تائێستا سێ هەزارو 351 چاودێری ناوخۆیی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دوو هەزارو 643 چاودێری لایەنە سیاسییەكان، سەردانی ناوەندەكانیان كردووە بەمەبەستی تۆماركردنی ناویان وەك چاودێری هەڵبژاردنەكان كە بڕیارە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن