ئێران لە پرۆتۆكۆلێكی تایبەت بە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی كشایەوە

جیهان

23/02/2021     ژمارەی بینراو 198

راچڵەكین-

ئێران لە پرۆتۆكۆلی پاشكۆی پەیماننامەی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی كشایەوە كە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا خۆبەخشانە جێبەجێی دەكات و مۆڵەتی تایبەتی دابوو بە چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.

كازم غەریب ئابادی- نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ، رایگەیاندووە ''لەمەودوا بەدەر لە رێككەوتنی چاودێری ئەمنیی، هیچ بەرپرسیارێتیەك نییە. رێنمایی پێویستیش بە دامەزراوە ئەتۆمییەكان دراوە''.

بە پابەندبوون بە پرۆتۆكۆلی پاشكۆ، حكوومەتی تاران رێگەی دەدا بە چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەركات بخوازن پشكنینی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی بكەن.

- یاسای ئەتۆمی كە لە ئێران پەسەندكراوە

پەرلەمانی ئێران كە باڵی دژبە ریفۆرمخوازەكان تیایدا زۆرینەن، لە دوای ماوەیەكی كەم لە تیرۆركردنی موحسین فەخریزادە- زانای ئەتۆمی لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا، یاسای "پلانی كردەیی ستراتیجیی هەڵگرتنی سزاكان و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی ئێران"ی لە یەكی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٠دا دەركرد كە ئامانج لێی خێراكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانە، پەسەندكردبوو.

یاساكە كە دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران ناچار دەكات یۆرانیۆم بەڕێژەی لانیكەم سەدا ٢٠ دەوڵەمەند بكات و ژمارەی كۆگاكانی هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو زیاد بكات، ئەگەر تا شوباتی ٢٠٢١ لایەنەكانی رێككەوتنی ئەتۆمیی هەنگاو نەگرنەبەر بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە بانكییەكانی تاران و هەناردەكردنی نەوت، ئەوا لە چوارچێوەی پەیماننامەی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمیدا لە پرۆتۆكۆلی پاشكۆی پەیماننامەكە دەكشێتەوە كە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا خۆبەخشانە جێبەجێی دەكات.

رافائیل گرۆسی- سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئاماژەی بەوە كردبوو، لە میانی سەردانەكەیدا بۆ تاران لە ٢١ی شوباتدا، رێككەوتنی كاتیی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ئەنجامداوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئاژانسەكە بۆ ماوەی سێ مانگی دیكە بەبێ سنوور بەردەوام دەبێت لەسەر چالاكییەكانی پشكنین و چاودێریكردن لە ئێران.

سەبارەت بەو بابەتە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە جگە لە رێككەوتنی چاودێری ئەمنیی رێگە بە ئاژانسەكە نادرێت بۆ هیچ چاودێرییەكی دیكە و تەنها لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا، هەندێك چالاكی ئەتۆمی تۆمار دەكرێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا سزاكان هەڵنەگیرێن ئەوا تۆمارەكان نادرێن بە ئاژانسەكە.

لای خۆیەوە، پەرلەمانی ئێران بە ئاماژەكردن بەوەی كە رێككەوتنەكەی نێوان حكوومەت و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پێشێلكاریە بەرامبەر ئەو یاسایەی كە دەركراوە و دەسەڵاتی دادوەری سكاڵای دژبە سەركۆماری وڵاتەكەی، حەسەن روحانی و بەرپرسانی دیكەی ناو ئەو رێككەوتنە تۆماركرد كە لەگەڵ ئاژانسەكە ئەنجامدراوە.

لەو یاسایەی لە پەرلەمانی ئێران دەركراوە، چەند ماددەیەك هەیە كە پێشنیازی سزادانی ئەو بەرپرسانە دەكات كە یاساكە جێبەجێ ناكەن.                

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن