كازمی هۆشدارییەكی توند بە هەندێ كەس و لایەن دەدات

عێراق

23/02/2021     ژمارەی بینراو 234

راچڵەكین – 

مستەفا كازمی هۆشداری بەو كەس و لایەنانە دەدات كە لەپشت هێرشە مووشەكییەكانەوە دەوەستن و رایدەگەیەنێت: رێگە نادەین خاكی عیراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی ململانێكان و ئۆپەراسیۆنەكانیش لەدژی تیرۆریستان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ 23-2-2021 لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، مستەفا كازمی بە گەشبینییەوە باسی لە دۆخی ئابووری وڵات كردو وتی:" یەدەگی دراوی بیانی كە پێشتر هەڕەشەی داڕوخانی لەسەربوو، ئێستا بەرەو باشی دەچێت و تا كۆتایی ئەم مانگە یەدەگی دراوی بیانی لە بانكی ناوەندی، بەنزیكەی چوار ملیار دۆلار زیاد دەبێت".

راشیگەیاند، هەندێ نەفس نزم چاوەڕوان بوون لەمانگەكانی 10 و 11ی ساڵی پار، دۆخی ئابووری عیراق بە تەواوەتی هەرەس بهێنێت، بەڵام بەهۆی گرتنبەری رێوشوێنە ئابوورییەكان، توانیمان قۆناغە سەختە تێپەڕێنین.

سەرۆك وەزیرانی عیراق هۆشداری دایە ئەو كەس و لایەنانەی لەپشت هێرشە مووشەكییەكانەوە دەوەستن و وتی:" رێگە نادەین خاكی عیراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی ململانێكان، هێرشە مووشەكییەكانیش هەوڵێكە بۆ تەگەرە خستنەبەرەدەم پێشكەوتنەكانی حكومەت، بەڵام هێزە ئەمنییەكانمان تۆمەتباران دەستگیر دەكەن و دەیانخەنە بەردەم رای گشتی".

لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیش لەدژی پاشماوەكانی داعش، مستەفا كازمی جەختی لەوەكردەوە كە ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوام دەبن بۆ لەناوبردن و ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش و كۆتایی هێنان بە مانەوەیان لە عیراقدا. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن