خۆپیشاندانەكەی باشووری عیراق 15 برینداری لێكەوتەوە

عێراق

23/02/2021     ژمارەی بینراو 153

راچڵەكین - 

خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی شاری ناسڕییەی باشووری عیراق، گرژی و ئاڵۆزی لێكەوتەوەو بەو هۆیەشەوە 15 كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان بریندار بوون، هێزە ئەمنییەكانیش بە زەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران كرد، كە داوای دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگاریان دەكرد.

ئەمڕۆ 23-2-2021، جارێكی دیكە خۆپیشاندەرانی شاری ناسڕییە (سەنتەری پارێزگای زیقار) بەمەبەستی گوشارخستنە سەر پارێزگاری شارەكەیان بۆ دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستەكەی، رژانە سەر شەقامەكان و پردێكیان لەناوەڕاستی شارەكە داخست.

لەكاردانەوەی داخستنی پردەكەش، هێزە ئەمنییەكان هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران و توندوتیژی لێكەوتەوە، بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەكانیش 15 كەس لە خۆپیشاندەرو هێزە ئەمنییەكان بریندار بوون، كە برینی چوار كەسیان زۆر سەختەو بەپەلە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
  
شایەتحاڵێكی ناو خۆپیشاندانە ئاشكرایكرد، هێزە ئەمنییەكان رێگرییان لە خۆپیشاندەران كرد بۆ گەیشتن بە باڵەخانەی پارێزگای زیقار لە ناوەڕاستی شاری ناسڕییە، ئەمەش خۆپیشاندەران ناچار كرد بۆ داخستنی پردی نەسڕ و سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل لەسەر پردەكە، ئەمەش وەك فشارێك بۆسەر حكومەت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.

ئەمەش چەندەمین جارە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەشاری ناسڕییە بەڕێوەدەچێت بۆ ناچاركردنی پارێزگای شارەكە بە دەستلەكاركێشانەوە، لە خۆپیشاندانەكەی رۆژی دووشەممەش، كەسێك كوژرا و 19ی دیكە برینداربوون، كە كارمەندی هێزەكانی ئەمنیشیان لەنێودابوو.

پارێزگای زیقار بە چەقی چالاكییەكانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی دادەنرێت لە عێراق كە دانیشتووانەكەی زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و ماوەی چەند ساڵێكە بەشێك لە دانیشتووانەكەی دژبە خراپ ئیدارەدانی پارێزگاكە و خراپی خزمەتگوزاری گشتیی و كەمی هەلی كار خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن