چەند بڕیارێك لەبەرژەوەندی بەرهەمی ناوخۆیی دەدرێت

کوردستان

23/02/2021     ژمارەی بینراو 154

راچڵەكین –

ئەنجومەنی باڵای پیشەسازیی پەلەوەر لە هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێكی گرنگی لە بەرژەوەندی بەرهەمی ناوخۆیی دەركردو بەگوێرەی بڕیارەكانیش، قەدەغەكردنی هاوردەی مریشكی بەستوو بەردەوام دەبێت و هەڵمەتێكی نیشتمانییش بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمی قاچاغ و نایاسایی لەبازاڕەكان ئەنجام دەدرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، لە كۆبوونەوەكەدا، كە ئەمڕۆ 23-2-2021 بەسەرۆكایەتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ بەڕێوەچوو، ئەنجومەنی باڵای پیشەسازیی پەلەوەر، ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەركرد :

1- جەختكردنەوە لەسەر قەدەغەكردنی مریشكی هاوردە و بەستوو بەهەموو شێوەیەك لەتەواوی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندی دارەكان دەكرێت.

2-  هەڵمەتێكی نیشتیمانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمی قاچاغ و نایاسایی لەبازاڕەكان ئەنجام دەدرێت بەسەرپەرشتی خودی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو.

3- بڕیار درا بە ڕاگرتن وقەدەغەكردنی پارچەكانی مریشكی هاوردەكراو، لەبڕی ئەمە خاوەنی سەربڕخانەكانی كوردستان راسپێردران كە ئامادەكاری بكەن بۆ پركردنەوەی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بە لەبەرچاو گرتنی خواستی براندە بیانیەكان.

4- بەمەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و بەرهەمی دەواجن و سەربڕخانەكانی هەرێمی كوردستان، هەفتەی داهاتوودا هەڵمەتێكی راگەیاندن بۆ ناساندنی ستیكەر وباركۆدی تایبەت لەسەر بەرهەمی سەربڕخانەكانی هەرێمی كوردستان دەچێتە بواری جێەبەجێ كردنەوە كەئەمە دەبێتە هۆكارێك بۆ پارێزگاری و ناساندنی بەرهەمی ناوەخۆیی بە كوالێتیەكی بەرز و نرخێكی گونجاو بۆ بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان.

5- وەزیر سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی راسپارد لەناو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ چارەسەركردن و بەدواداچوونی هەموو ئەو بابەتانەی كە پەیوەندی هەیە بەپیشەسازی پەلەوەرەوە، بەتایبەتی لە پرۆژەكانی مریشكی گۆشت و كارگەكانی ئالیك و سەربڕخانەكان، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵی و ڤێترنەری پارێزگاكان بۆ كاروبارەكان.

6- تاكیدكردنەوە لەگەڵ وەزارەتی كارەبا لەسەر نرخی كارەبا بۆ پرۆژە گرنگەكانی  پەلەوەری و پرۆژەكانی كشتوكاڵی دوای  پشتگیری كردنیان  لەلایەن وەزارەت.

7-وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە نوسراوێكی فەرمیدا داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەكات كە لە پێناوی گرنگی دان و پاڵپشتی كردنی بەرهەمی ناوەخۆی گشتاندن بكات بۆ وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوەخۆ و تەندروستی و كاروباری كۆمەڵایەتی و كار، كە بەرهەمی كێلگە پەلەوەریەكانی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان بكڕنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن