راچڵەکین-
پارێزەرەکەی شێروان شێروانی رایگەیاند، لەسەر سکاڵایەکی ئاسایش بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە شێروانی بردرایە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کە گوایە جاری پێشوو لە دادگا ناوی ئاسایشی زڕاندوە.
بەشدار حەسەن، پارێزەری شێروان شێروانی لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" ئەمڕۆ یەکشەممە شێروان شێروانی بردرایە بنکەی پۆلیسی خانەقا بۆ ئیفادە لێوەرگرتن لەسەر سکاڵایەکی ئاسایشی هەولێر کە گوایە لە ڕۆژی دادگاییکردنەکەیدا ناوزڕاندنی بە ئاسایش کردووە، لە کاتێکدا من خۆم لەوێ بووم هیچ ناوزاڕندنێکی نەکردووە".
دەشڵێت:" بەڵام ئەمە بۆ ئەوەیە کە دوای ئەوەی دادگای تەمیز سزای شەش ساڵەکە هەمواردەکاتەوە، دەیانەوێت داوایەکی دیکەی بۆ ئامادە بکەن، بۆئەوەی دووبارە زیندانی بکرێتەوە".
بەشدار حەسەن وتیشی: ئێمە دۆسییەی شەش ساڵ زیندانییەکەمان تەمیز کردووەتەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە داداگای تەمیز تا بڕیار بدرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەمرۆ نەیانهێشت بچینە ژووەرەوە کاتێک ئیفادەی لێوەرگیرا، هەرچەندە بەرێوەبەری بنکەی پۆلیس زۆر هەوڵیدا من وەک پاریزەر بچمە ژوورەوە، بەڵام ئاسایش رێگەی نەدا، کەواتە ئاسایش لە بنکەی پۆلیسیش حکوم دەکات".