نوێترین قسەی لاهور شێخ جەنگی لە زیندانەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 2097

راچڵەكین-

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان وردەكاری سەردانەكەی بۆلای لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل ئاشكرا دەكات.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاویكردووەتەوە، ڕۆژی سێشەمه 26ی ئابی 2025 شاندێكی باڵای دەستەكە سەردانی شاری سلێمانیان كرد.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، شاندەكە لەگرتوخانەی كانی گۆمە چاویان كەوت بە لاهور شێخ جەنگی، لەنزیكەوە گفتوگۆیان لەگەڵ كرد دەربارەی ڕەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوەو ڕێكارەكان پرسیاریان لێ كرد.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ روونیكردووەتەوە:"ناوبراو (لاهور شێخ جەنگی) ئاماژەی بەوە كرد تەندروستی باشەو لەژورێكی تایبەت دانراوەو تەواوی پێداویستیەكانی بۆ دابین كراوە، بەڤیدیو لەگەڵ خێزانەكەی قسەی كردووە وەهەروەها داوای پەرتوكی كردبوو لەئاسایش كومەڵێك پەرتووكیان بۆ هێناوە، ئاماژەی بەوەش كرد لەوكاتەی كەهاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لەكانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشكەنجەیەك نەبۆتەوە."

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبەشێكی راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت:" لاهور شێخ جنگی داوای كردووە، دۆسیەكەی بەڕێكاری یاسایی بروات و دەستەش چاودێری بكات."
 
" لەسەر ڕووداوەكانی ئەو ڕۆژە گوتی، زووتر نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا و حكومەتی هەرێمی لێ ئاگادار كردۆتەوە كە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن." دەستەی مافی مرۆڤ وادەڵێت.

دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەدا:" مافی ناوبراوە ڕێگە بە پارێزەرەكانی بدرێ سەردانی بكەن و بڕیارە لەماوەیەكی نزیكدا ئەو پرسەش چارەسەر بكرێ و ڕێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەكان."

لاهور شێخ جەنگی بەشاندەكەی دەستەی مافی مرۆڤی وتووە:"لەكاتی لێكۆڵینەوەكان هیچ توندوتیژیەكی بەرامبەر نەكراوەو هیچ دان پێدانێكی بەزۆری  لێی وەرنەگیراوە هەروەها لەوەڵامی پرسیاری  تیمی دەستە سەبارەت بە ڤیدیو كردن لەكاتی لێكۆڵینەوە گوتی، هیچ كامیرا و ئامێری تۆماركردن نەبووە لەكاتی لێكۆڵینەوە."

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت، تیمەكەیان چاویان بەبەشێك لەدەستگیراوەكان كەوت كە وەك ئەندامی هێزەكەی لاهور شێخ جنگی ناسراون و بەپێی بەدوا داچونی شاندەكەی دەستە ژمارەیان ١٦٢ كەسن وە ئاسایش گوتی، ژمارەی كوژراوەكانی هەردوولا پێنج كەسن، هەروەها ئاماژەیان بەوەكرد، ڕۆژانە ڕێگە بەبەشێك لەكەس و كاریان دراوە سەردانیان بكەن وە ئاماژەیان بەوە كردوە لە ئێستادا شوێنیان باشە لەو كاتەی هێنراونەتە ئاسایش. ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژیەك نەبونەتەوە.

دەستەی مافی مرۆڤ ڕایدەگەینێت :"هەر كەسێكی نادیارو بێ سەرو شوێنە لەو ڕووداوە دەتوانێ سەردانی نوسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ بكات بۆ سۆراخ كردنی كەسەكانیان."

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ یەكەم دامەزراوەی فەرمیە دوای ڕووداوەكانی سلێمانی سەردانی دەستكیركراوانی كردبێت.


 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن