كورسی "ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیان" لەلایەن دارتاشێكی كەركووكیەوە كرایە دیاری پاپا

ڕاپۆرت

08/03/2021     ژمارەی بینراو 1813

راچڵەكین- AA

بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی ئاشتیی، برایەتی و پێكەوەژیان، دارتاشێكی دانیشتووی هەولێر، كورسییەكی تایبەت بە پاپای ڤاتیكان دروست دەكات و بێ بەرامبەر دەیبەخشێتە كڵێساكانی حەوشەی بەیعەت لە مووسڵ.

چیرۆكی محەمەد لەگەڵ كورسییەكەی پاپا بۆ ئێوارەیەكی درەنگ دەگەڕێتەوە، كە یەكێك لە نوێنەرانی كڵێساكانی گۆڕەپانی حەوشەی بەیعەت لە مووسڵ، پەیوەندی پێوە دەكات و داوای لێدەكات لەبەرامبەر بڕێك پارەدا، كورسییەكی شایستە دروست بكات بۆ دانیشتنی پاپای ڤاتیكان لە كاتی سەردانەكەیدا، ئەمیش قبوڵی دەكات، بەڵام بەمەبەرجێكی جیاواز.

مەرجی محەمەد بۆ دروستكردنی كورسییەكە ئەوە دەبێت هیچ بڕە پارەیەك وەرنەگرێت لەبەرامبەردا و تەنیا وەك گەیاندنی پەیامی ئاشتیی، برایەتی و پێكەوە ژیان كە خواستی موسڵمانانە ئەو كورسییە دروست دەكات بۆ پاپای ڤاتیكان.

محەمەد سەعدی سەعید جاف لەدایكبووی ١٩٨٣، هەر لەمنداڵییەوە سەرقاڵی كاری دارتاشی دەبێت، ئەو كە لە باپیر و باوكییەوە ئەو پیشەیەی بۆ ماوەتەوە، ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە شوێنیكاری خۆی داناوە وەك دارتاش. 

- سەرەڕای ئەو زوڵمەی لێیان كرا هێشتا پەیامی ئاشتیی دەبەخشنەوە

پێشتر باپیر و باوكی لە شاری كەركووك سەرقاڵی پیشەی دارتاشی بوون، دوای ئەوەی كە بەهۆی زوڵم و زۆری رژێمی بەعسی رووخاو، ناچار دەبن كەركووك بەجێبهێڵن و روو بكەنە هەولێر و ئەمیش دەبێتە قوربانییەكی دەستی زۆر و ستەمی دەسەڵاتداری زاڵم.

وەك محەمەد باسی لێوە دەكات باپیری لە ساڵی ١٩٦٨ ناچار دەكرێن شاری كەركووك بەجێبهێڵن بەزۆرەملێی، دواتر لە هەولێر دەگیرسێنەوە و باوكی پێشمەرگە بووەو بەهۆی جەنگەوە بریندار دەبێت و لە ماڵەوە دادەنیشێت.

محەمەد هاوشێوەی كەركووك، سەرجەم پێكهاتە جیاوازەكانی لە دووكانەكەیدا جێكردۆتەوە و پێكەوە كارگەیەكی دارتاشی گەورەیان دروستكردووە.

محەمەد ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو زوڵمەی لە كەركووك لێیان كرا نەبۆتە هۆی ئەوەی تەنانەت بۆ ساتێكیش بێت رق لە دڵیاندا بچێنن و گوتی: ''باوكم وا پەروەردەی كردین كە هەمیشە كەسانی ترمان خۆشبوێت، هەردەم پەیامی ئاشتی بدەین بە چواردەورمان، هەربۆیە كاتێك پاپا هات، حەزم كرد ئەو دیارییەی بدەمێ، ئەو پەیامەش بدەم كە موسڵمانان تێكدەر نین، بەڵكو ئێمە هەموومان لەسەر ئاشتی و پێكەوەژیان پەروەردەبووین".

- بیرۆكەی دروستكردنی كورسییەكەی پاپا

سەبارەت بە بیرۆكەی دروستكردنی كورسییەكەی پاپا، محەمەد گوتی: ''برادەرێكم هەیە خەڵكی قەرەقۆشە، باسی ئەو كەنیسەیەی كرد كە پێشتر رێخراوی تیرۆریستیی داعش تەقاندبوویەوە و گوتی ئەگەر بتوانیت كورسییەك دروست بكەیت، لەبەرامبەردا چەندت بوێت دەتدەینێ، منیش پێمگوتن، تەنیا بەرامبەر سێ شت ئەو كورسییەكە دروست دەكەم بۆ پاپا، ئەویش ئاشتی، برایەتی و پێكەوەژیان، لەبەرامبەر ئەو سێ شتەدا دروستم كرد بۆیان".

سەبارەت بە چۆنیەتی دروستكردن و ئەو ماددانەی كە لە دروستكردنی كورسییەكەیدا بەكاری هێناوە، محەمەد گوتی: ''تەنیا لەماوەی چوار رۆژدا دەبوو كورسییەكە تەواو بكەم، لەكاتێكدا خۆی یەك هەفتەی پێویستە، بۆیە بە شەو و رۆژ كارمان تیادا كرد لەگەڵ هاوكارانم، هەمووی كەرەستەی زۆر باش و كوالیتی بەرزمان بەكارهێنا. هەر لە دار، بۆیاغ و ئەو ئیسفنجانەی تیایدا بەكارهات. دارەكەی زەند-ی رۆمانی بوو، بۆیاغەكەی ماركەیەكی توركی بوو، سەبارەت بە كوشنەكەی، قوماشەكەی توركی بوو، بۆیاغی كوشنەكەی ماركەیەكی ئیتاڵی بوو رەنگی ئاڵتونی، نیمچە ئاڵتونێكە هەرگیز كاڵ نابێتەوە".

- باوكم دیزاینەكەی بۆ كردین و ئێمە جێبەجێمان كرد

محەمەد ئاماژە بەوە دەكات كە دیزاینی كورسییەكە باوكی بۆی داناوە و ئەوان تەنیا دروستیان كردووە و خۆی سەرپەرشتی رێكخستنەكانی كردووە.

ئەو دارتاشە گەنجە باس لە دوای تەواوكردنی كورسییەكە دەكات و دەڵێت ''دوای تەواوبوونی رادەستی ئەو كەسەم كردەوە كە ئەندازیارە و خەڵكی قەرەقۆشە، ئەندازیاری مەترانە، زۆریان لێكردم كە پارە وەرگرم، بەڵام هیچم وەرنەگرت، ئێمە وەك خەڵكی هەرێمی كوردستان وا فێربووین كە هەموومان حەزمان بە پێكەوە ژیانە، هیوادارم هەموو عێراق وەك هەولێر و هەرێمی كوردستان فێری پەروەردەی پێكەوە ژیان ببن".

محەمەد ئاماژە بەوە دەكات ئەوكاتەی پاپای بینیوە لەسەر ئەو كورسییە دانیشتووە كە ئەم دروستیكردووە، هەستی بە خۆشییەكی زۆر كردووە و دڵنیابۆتەوە لەوەی كە پەیامەكەی گەیشتۆتە جێ و گوتی: ''یەكەم شت شانازیم بەباوكمەوە كرد، ئێمەی وا پەروەردە كرد هەردەم پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان بخەینە پێش كار و پیشەكەمان".

پێشتر و لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە چوار كڵێسای مەسیحییەكان لە گۆڕەپانی حەوشەی بەیعەت (گۆڕەپانی كڵێسا) كە دەكەوێتە بەشی كۆنی شاری مووسڵ، خاپوور كران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن