کاتێك كچێك شوو بە کوڕەکەتان دەکات...
ڕاچڵهكین-
هەمیشە ئەوەتان لەبەر چاو بێت ئەم کچە شووی بەیەك کەس کردووە نەك بە تایەفەیەك، مرۆڤ تەنها ئەتوانێت هاوسەری کەسێك بێت نەک هی خێزان و تایەفەیەك.
یاپراخ پێچانەوە و فەرش شتن و کۆبونەوەی خزمان و سەروپێ چاککردن و قاپ شتن ئەگەر بوکەکەتان نەیکرد پێی نیگەران مەبن ئەسڵەن ئەوە دەست بەتاڵییە مرۆڤ لەسەر ئەم شتانە کێشە بۆخۆی دروست بکات، هاوسەرەکەی بۆی هەیە مامەڵە و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات بەڵام تۆ چ کارەی؟ کاتێک ناتوانی یارمەتیدەر و چارەسازی گرفتی کوڕەکەتان بن کەواتە هیچ نەبێت مەبنە گرفت بۆی .
خزمایەتی و هاموشۆ و دەعوەت و سەیران و بانگهێشت کردن گرنگە و پێویستە بۆ دەمەزەردکردنەوەی پەیوەندیەکان
وەلێ هەموو شەوێك ڕاکردن بۆ مارکێت و ماڵان و تەعزیە و خەنەبەندان و کۆبونەوەی خزمان و کچی فڵان شوو ئەکات و کوڕی فڵان مار پێویەی یاوە جومعە چلەی فڵانە و شەمە ساڵانەی فیسارە و یەك شەمە فڵان عەمەلیاتی فتق ئەکرێ و دوو شەمە کچی فڵان لە خاریج دێتەوە و فڵان بزمار چووە بە قاچیاو یادی لەدایك بوونی مناڵی فڵانە برایە و فڵان خانووی گواستۆتەوە ئەم ڕێو ڕەسم و سرووتە کۆمەڵایەتیانە نەك خزمەت بە پەیوەندیەکانتان ناکات ئەسڵەن گرفتی زیاترتان بۆ دروست دەکات.
لە ئێستادا ژمارەی ڕۆژی یادکردنەوە و ڕێوڕەسم و بۆنە کۆمەڵایەتی و خێزانیەکان لە ژمارەی مەراسیمەکانی دەوڵەت کە بەیاسا دیاریکراوە زیاترە، توخوا خزمایەتی و ئاشنایەتی و خێزانداری ئەوەیە کە دایم لە بەرچا و بەرلوتی یەکتریا بین بە ناوی تەعزیە و پاشتێلانە و خزم دۆستی و دیشلەمە هەڵقوڕان و یاپراخ هەڵڕشتن و لە پشتیشەوە بەردەوام کێشەمان هەبێ و دڵمان لە یەك بڕەنجێ یان دوربین و دۆست بین..
نوسینی: هێمن عهبدوالقادر
توێژهری كۆمهڵایهتی و ڕاوێژكاری خێزانی