ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكەی میانمار گەیشتە 557 كەس

جیهان

04/04/2021     ژمارەی بینراو 299

راچڵەكین -

تائێستا گرژی و ئاڵۆزییەكان لەمیانمار بەهۆی كودەتا سەربازییەكەی ئەو وڵاتە بەردەوامەو ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی بەدەستی هێزە ئەمنییەكان كوژراون، گەیشتە 557 كەس.

كۆمەڵەی هاوكاریكردنی زیندانییە سیاسییەكان لە میانمار، لە راپۆرتی رۆژانەی خۆیدا، ئاماژەی بەوە داوە كە لە میانی 24 كاتژمێری رابردوودا، حەوت كەسی دیكە كوژراون، بەمەش كۆی كوژراوان لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكانەوە تا ئێستا بۆ 557 كەس بەرزبووەوە.

هەر لە راپۆرتەكەدا تیشك خراوەتە سەر ئەوەی كە دوو هەزار و 658 كەس بەهۆی دژایەتیكردنی كودەتا سەربازییەكە، دەستگیركراون و بڕیاری دەستگیركردنیش بۆ سەدان كەسی دیكە دەرچووە.

رۆژی 1-2-2021، سوپای میانمار كودەتای سەربازی لەدژی حكومەتی وڵاتەكەی ئەنجامداو جگە لە سەرۆكی وڵات، سەرۆك وەزیران و سەرجەم ئەندامانی كابینەی حكومەتیشیان دەستگیركرد، لەكاردانەوەی كودەتاكەش، كە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئیدانەیان كرد، بەهەزاران كەس لە لایەنگرانی حكومەت خۆپیشاندانیان دەستپێكردو هێزە ئەمنییەكانیش بە چەك رووبەڕوویان بوونەتەوەو هەڵمەتێكی دەستگیركردنیش بۆ نەیارانی كودەتاكە دەستی پێكرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن