"ئەو بڕە ڤاكسینەی كەهاتووە.. ماوەی بەسەرچوونی نزیكە"

چاوپێکەوتن

06/04/2021     ژمارەی بینراو 594

فۆتۆ- ئیبراهیم فەتاح

"كەسێك جورئەتی نەكردووە بەبەرپرسانی هەرێم بڵێت بۆ ڤاكسینی دژ بەكۆرۆنا لەسەر شاشەی تیڤیییەكان وەرناگرن" 
راچڵەكین-

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەرێم دەڵێت، ئەم پرسیارە زۆر دەكرێت ئایا بۆچی بەرپرسانی باڵای هەرێم لەسەر شاشەی تیڤییەكان هاوشێوەی سەرۆكی وڵاتانی تر ڤاكسینی دژ بەكۆرۆنا بەكارناهێنن بۆ دڵنیاكردنەوەی هاوڵاتیانی هەرێم؟!. ئاماژە بەوەشدەكات:" كەسێك تائێستا جورئەتی ئەوەی نەكردووە لەخودی خۆیان ئەو پرسیارە بكات هیوادارم ئەوان خۆیان وەڵامیان هەبێت بۆ ئەو جۆرە پرسیارانە."

د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە " دابینكردنی ڤاكسین مەركەزییە و لەدەست دەسەڵاتی حكومەتی عێراقیە وەكو خۆی كەبڕیاروایە ئەو پشكەی دەیكڕێت 20% دابین بكات بۆ هەرێمی كوردستان، وە حكومەتی هەرێمیش وابڕیارە كەبەحساب بودجەیەك دابینكراوە بۆ كڕینی ڤاكسین بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە ڕاستە پرۆسەكە لەبەر ئەوە خاوە چونكە بۆ ڤاكسینەكان لەگەڵ كۆمەڵێك كۆمپانیایەك گرێبەست كراوە بەتها یەك كۆمپانیا نییە، كۆمپانیاكانیش بەهۆی ئەوەی بیانوی ئەوەیان هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكە بۆ هەموو جیهانە لەبەرئەوە حكومەتی عێراق ئەو بەشەی كەبەریدەكەوێت دەبێت قۆناغ بەقۆناغ وەریبگرێت نەك هەمووی بەسەریەكەوە بۆیە جگە لەوەی(Sinopharm-سینۆفارمی) چینی كەبەدەستمان گەیشت بەشێوەی هاوكاری هاتبوو بۆ حكومەتی عێراقی، وە بەهەمان شێوەش چوار هەزاری بەر هەرێمی كوردستان كەوت دوای ئەوە پرۆسەی كڕینی ڤاكسین لەشێوەی گرێبەست لە(AstraZeneca ئەسترازینكای) بەریتانییەوە دەستی پێكردووە كە خۆی لەخۆیدا هەموو هەرێمی كوردستان 43 هەزار و 800 ژەمی ڤاكسینی بەركەوتووە لەو بڕەش 16 هەزار و 500 ی بەر سلێمانی كەوتووە."

دەربارەی دابینكردنی ڤاكسین بۆ كارمەندانی تەندروستی؟ د.هێرش سەید سەلیم ڕوونیكردەوە" ئەگەر ئێمە بەراوردێك بكەین بەژمارەی كارمەند و ئەوانەی لەناوەندەكانی تەندروستی كاردەكەن لەگەڵ ئەو بڕی ڤاكسینە بەدڵنیاییەوە دەڵێم ئەو بڕە ڤاكسینە بەتها بەشی ناوەندە تەندروستیەكان ناكات یاخود دەتوانم بڵێم سەربەسەر لێی دەردەچین چونكە لەوەدەچێت ژمارەی كارمەندانی تەندروستی هەرێمی كوردستان بڕێك لەوەش زیاتر بێت بەڵام ئێمە بەڕاستی نایشارینەوە ئەو بڕە ڤاكسینەی كەهاتووە یەكەم ماوەی بەسەرچوونی نزیكە، وە بڕەكەشی بەو شێوەیەیە ئێستاش شتێك دروستبووە لەسەر مەسەلەی ڤاكسین كەزۆر دڵنیانیین لەو ڤاكسینە."

"هێشتا لەكوردستان هیچ حاڵەتێكی كاریگەری نەرێنی ڤاكسینەكەمان بەدینەكردووە "
دەربارەی دەنگۆكان لەسەر كاریگەرییە لاوەكییەكانی ڤاكسینی دژ بەكۆرۆنا ڤایرەس؟ د.هێرش سەید سەلیم دەڵێت" بەڕاستی مەسەلەی یەكلاكردنەوەی كاریگەری نەرێنی ئەم ڤاكسینە یاخود كاریگەری لاوەكی ئەم ڤاكسینە هێشتا لەهەرێمی كوردستاندا هیچ حاڵەتێكی وامان بەدینەكردووە هەتا ئێمە بڵێین كاریگەری ئەم ڤاكسینە خراپە، ئەوەی كەدەوترێت بەحساب لەهەندێك وڵات تێبینی كراوە و دەبێتەهۆی مەسەلەی خوێن مەین، وەكو وتم ئەو بڕە ڤاكسینەی بەكارمان هێناوە لەهەرێمی كوردستان لەسنوری پارێزگای سلێمانی هەتا ئێستا هیچ كەسێك سكاڵای لەسەر ئەوە نەبووە كەئەم ڤاكسینە دەقاو دەق دەبێتە هۆكاری خوێن مەین و ئەمانە، ئەمە ئایندە دیاریدەكات هەتا ژەمی دووەمیش وەردەگرن بۆیە ئێمە ئێستا لەلایەن خۆمانەوە بەڕاستی دەمانەوێت تەنانەت كارمەندان و پزیشكانیش بەدەم ئەم ڤاكسینەوە بچن چونكە دەركەوتووە تاكە ڕێگەی لاوازكردنی شەپۆلی كۆرۆنا تەنها ڤاكسین یاخود ئەوەیە بەرگریەكی گشتی دروست بێت."

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوەشی وت" بەڕاستی لەپێشووشدا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی بڵێین بەرگری گشتی بەتەواوەتی دروست بووە بۆیە پرۆسەی ڤاكسین - پێكوتە هۆكارێك دەبێت یاخود یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو ژمارەیەی كەتووشیش بوون بەهۆی كۆرۆناوە بەرگرییەكی گشتی دروست ببێت، ڤاكسین خۆی لەخۆیدا لەهیچ شوێنێكدا بەرگری تاسەر نییە واتە هیچ ڤاكسینێك بۆ هیچ نەخۆشییەك و هیچ ڤایڕەسێك تاسەر نییە."

"ئەوەی كەدەوترێت لەم ڤاكسینەدا بۆ شەش مانگە و دوای شەش مانگ دەبێت دوبارە پرۆسەی ڤاكسین دیسان دەست پێ بكاتەوە بەڵام گرنگە ئێمە لەو ماوەیەدا بتوانیین كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەین چونكە كەڤاكسین كەوتە بازاڕەوە بەشێوەیەكی ڕێكوپێك و بەردەوام بەرهەم هێنرا ئەوكاتە دەتوانم بڵێم بەرگرییەكە بەشێوەیەكی باشتر یاخود پرۆسەكە بەشێوەیەكی باشتر بەڕێوە دەچێت، وە زۆرینەی خەڵك دەتوانن بەئاسان دەستیان بكەوێت."د.هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وایوت"

د.هێرش سەید سەلیم، لەبارەی ئەوەی بۆچی لەهەرێمی كوردستان هیچ بەرپرسێكی باڵا لەسەرۆكی هەرێم یا سەرۆكی حوكمەت و بەرپرسانی تر نەبینران لەڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە وەك یەكەمینی كەسەكان ڤاكسینی دژ بەكۆرۆنا ڤایرەس وەرگرن؟ لەوبارەیەوە د.هێرش وتی" خۆی پێویستە ڕاگەیاندن ئەم پرسیارە ئاراستەی خودی ئەو كەسانە خۆیان بكات كەئایا بۆچی بەكاریان نەهێناوە؟! متمانەیان بەڤایڕەسەكە نییە!؟ یان خۆیان ئەوەندە پارێزراون تووش نابن!؟ بەڵام كێ دەڵێت بەكاریشیان نەهێناوە!؟ لەوانەیە ئێستا هەیە لەو وڵاتانەی دەوروبەر بەپارە ڤاكسین وەردەگرێت چونكە ئێستا خەریكە پرۆسەی بڵاوبوونەوەی ڤاكسین بەبازرگانی دەكرێت لەبەرئەوە بۆی هەیە بەكاریان هێنابێت بەڵام لەوانەیە نەبێت ئەو جۆرە بێت یاخود ئەوان واهەست دەكەن زیاترپارێزراون لەمەسەلەی ڤاكسین یاخود متمانەیان پێی نییە لەو ئەگەرانە زیاتر نییە."

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتیشی" ئەم پرسیارە (ئایا بۆچی بەرپرسانی باڵای هەڕێم لەسەر شاشەی تیڤیەكانەوە هاوشێوەی سەرۆكی وڵاتانی تر ڤاكسینی دژ بەكۆرۆنا بەكارناهێنن؟! بۆ دڵنیایی بەڕاستی زۆر دەكرێت و زۆر دووبارە دەبێتەوە بەڵام كەسێك تائێستا جورئەتی ئەوەی نەكردووە لەخودی خۆیان ئەو پرسیارە بكات هیوادارم ئەوان خۆیان وەڵامیان هەبێت بۆ ئەو جۆرە پرسیارانە."

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوەشی وت" بەڵام گرنگە ئەوەیە ئێمە بتوانیین خەڵك ڕابهێنیین لەسەر مەسەلەی ڤاكسین، گرنگ ئەوەیە بتوانیین گیانی ئەوانە بپارێزین یەكەم زیاتر لەخەتی پێشەوەدان بۆنموونە ئەو لەشكرە سپیەی لەناو ناوەندەكانی تەندروستیدان، دووەم ئەو خەڵكەی كەنەخۆشی درێژخایەنی لەگەڵدایە یان بەتەمەنەكان، واتە ئێمە بتوانیین گیانی ئەوانە بپارێزین دڵنیام ئەوانی تر خۆیان پارێزراو دەبن."

د.هێرش سەید سەلیم جەختی لەوەكردەوە وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن بەرپرسانەوە كاریگەری باشی دەبێت لەسەر دڵنیایی كردنەوەی خەڵك سەبارەت بەڤاكسینەكان، لەو ڕووەوە وتی" بەدڵنیاییەوە كاریگەری زۆر زۆرە لەسەر دڵنیایی كردنەوەی خەڵك و ڕەواندنەوەی گومانی خەڵك لەوبارەیەوە خۆ ئەو وڵاتانە لەخۆیانەوە سەرۆكەكانیان یاخود بەرپرسە تەندروستیەكانیان لەخۆڕایی ئەم ڤاكسینە بەكارناهێنن لەبەرچاوی خەڵك و لەبەرچاوی كامێرا، ئەمە یەكەم بۆ دروستكردنی متمانەیە، دووەم بۆ ئەوەیە كەهانی خەڵك بدات خەڵكی بەكاری بهێنن بێ ترس و دڵەڕاوكێ، ئێستا وایلێهاتووە مەسەلەی ئەم ڤاكسینانە زۆربەیان ڕیكلامی خراپیان بەرامبەر دەكرێت ئیتر نازانیین هۆكارەكەی هۆكاری سیاسیە، هۆكاری بازرگانییە، هۆكاری زانستییە تائێستا یەكلایی نەبۆتەوە، ئایندە دیاریدەكات كەبەڕاستی ئەم ڤاكسینانە كامیان كاریگەرە و كامیان كاریگەری لاوەكی یاخود نەرێنی هەیە بۆسەر تەندروستی مرۆڤ بەگشتی بەهەرجۆرێك لەجۆرەكان بێت بەكارهێنانی ڤاكسین هۆكارێكە بۆ مەسەلەی خۆپاراستن لەزۆربەی ڤایڕەس و نەخۆشیەكان."

د.هێرش سەید سەلیم لەسەر تەشەنەسەندنی ڤایرەسی كۆرۆنا لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان وتی" ڕێژەی توشبوون بەكۆرۆنا هۆكاری زۆرە خودی ڤایڕەسەكە خێرایی بڵاوبوونەوەی زیاترە لەو ڤایڕەسەی پێشووتری كۆرۆنا خۆی كە هەبووە، هۆكاری دووەمیشیان بەڕاستی بابەتی خۆپارێزییەكەیە لەهەموو خاوبوونەوەیەكی شەپۆلەكاندا وادەكات خەڵكیش سارد ببێتەوە لەسەر مەسەلەی خۆپارێزی بۆنموونە ئێمە بەشەپۆلێكی زۆر قورسدا تێپەڕین لەهەموو دنیاشدا وایە خەڵك هیلاك بوو بەدەست بابەتی خۆپارێزی و بەرگری لەخۆكردن لەمەسەلەی ڤایڕەسی كۆرۆنا بۆیە ئێستا مەسەلەی خۆپارێزی بووە بەمەسەلەیەك زۆر گرنگی پێنەدرێت و خەڵكی زۆر بەدەم مەسەلەی خۆپارێزییەوە نەچن ئەمە هۆكارێكە لەهۆكارەكان كەواتە هۆكاری ڤایڕەسەكە خۆیشی و خودی تاكیش وایكردووە كەئەم پرۆسەیە بەو شێوەیە بڕوات و خێرایی بڵاوبوونەوەكەشی زۆر زیاتربێت جگە لەوەش لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەم وەرزەدا كەوەرزی بەهار و گەشت و نەورۆز و كۆمەڵێك بۆنەی ئاینی و نەتەوەیی و ڕۆشنبیری و سیاسی و كلتوری و كۆمەڵێك شت هەیە دێتە پێشەوە ئێستا ڤیستیڤاڵی خێڵ و ئەوانەشی هاتۆتە سەر ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ زیادبوونی ژمارەی تووشبوون بەكۆرۆنا."

د.هێرش سەبارەت بەمەراسیم و كۆبونەوەكانی ماوەكانی ڕابردوو كە لەبۆنە جیاوازەكاندا لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدران دەڵێت" هەموو ئاهەنگەكان و هەموو مەراسیمەكان كاریگەری خۆیان هەبووە لەسەر مەسەلەی بڵاوبوونەوەی ڤایڕەسی كۆرۆنا بەڵام ئەمە هەر خۆی لەخۆیدا بێ متمانەییەك هەیە لەناو خەڵك لەسەر ئاستی مەسەلەی خۆپارێزی بۆ كۆرۆنا لەگەڕی یەكەمدا خەڵك ئەمەی لای دروستبوو، وە ئەمە هێشتا ماوەتەوە لەناخی تاكی كوردیدا بۆیە دەتوانم بڵێم ڕاگەیاندنەكان خۆشیان بەڕاستی زۆر جوان كاریان نەكردووە لەسەر مەسەلەی برەودان بەهەڵمەتی خۆپارێزی زیاتر برەودان بووە بەمەسەلەی ئەوەی ئامارەكان تاچەند بەرزبوونەتەوە و ژمارەی گیانلەدەستدان چۆن زیادیكردووە لەزۆر شوێندا ڕووماڵی كۆمەڵێك ڤیستیڤاڵ و شتیان كردووە ئەمانە وایكردووە ببێت بەچاولێكەری كە لەزۆر شوێندا مەسەلەی بڵاوبوونەوە و قەرەباڵغی و ئەوانە ببێت بەمۆدێل بۆیە دەكرا حكومەت خۆی ڕێگری بكردایە لەم جۆرە ڤیستیڤاڵانە یاخود لەژێر ڕێكاری خۆپارێزی چڕوپڕدا بووایە. "

د.هێرش ئەوەشی وت" ئاهەنگەكانی نەورۆز سەد لەسەد كاریگەری هەبووە ئەوەش بەرهەمەكەیەتی كەئێمە لە 18-3 وە ئامارێكمان بڵاوكردەوە بۆ 28- 3 ژمارەكان دووهێندە لەماوەی 10 ڕۆژدا زیادیكرد ئەمە ئەوە دەردەخات كەئەمجۆرە كۆڕو كۆمەڵ بەستنانە كاریگەری هەبووە بەوەی خەڵك خۆپارێزی نەكردووە ئەگەرنا لەشوێنێكدا قەرەباڵغیش هەبێت بەڵام خۆپارێزی هەبێت بەدڵنیاییەوە بەوشێوەیە بڵاونابێتەوە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن