راچڵەکین-
بەرپرسی پێشووی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کاتژمێر 12:30 خولەکی شەوی رابردوو نارنجۆک هەڵدراوەتە ماڵەکەی، بەڵام کەوتووەتە ماڵە دراوسێکەیانەوە.
فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی پێشووی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە راچڵەکین-ی راگەیاند، ئەو کەسانە ئەو کارەیان لەڕێگەی بەکارهێنانی ماتۆڕسکیلێکەوە کردووەو و ویستوویانە نارنجۆکەکە فڕێبدەنە ماڵەکەیەوە، بەڵام بەهۆی پەلەپەل و شڵەژانیان نارنجۆکەکە کەوتووەتە ماڵێکی دراوسێی کە بەهۆیەوە زیان بە بە ئۆتۆمبێل و شووشەی پەنجەرەی ماڵەکەیان گەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
دەشڵێت:" من لەو کاتەدا لەماڵ نەبووم، بەڵام ئەم کارانە هەمیشە هەن و "لەلای من زۆر ئاساییە و کارێکی زۆر ترسنۆکانەیان کردووە، چونکە ئەوان زۆر باش دەزانن من لەم ماڵەمدا نەبووم، دوو ماڵمان هەیە، لە ماڵەکەی دیکەم بووم و ئەوانیش نارنجۆکەکەیان بۆ ئەو ماڵە فڕێداوە کە منی لێنەبووم".
سەبارەت بەوەی کە سکاڵای لەسەر کەس تۆمارکردووە وتیشی:" ئەوە سکاڵای بۆچییە خۆ هەمووان دەزانن رووداوەکە چییە و داواش لە هێزە ئەمنییەکان دەکەم بکەرانی ئەو کارە دەستگیر بکەن".
بەرپرسی پێشووی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد:" لە ماوەی رابردووشدا سێ جار بە گوللـەی تفەنگ تەقەی لێکراوە، ئەمجارەش لە رێگەی نارنجۆکێکەوە بووە".