تەندروستی جیهانی سەلامەتی و کاریگەری ڤاکسینەکانی کۆرۆنای پشتڕاستکردەوە

جیهان

11/04/2021     ژمارەی بینراو 62

راچڵەکین-

رێکخراوی تەندروستیی جیھانی رایگەیاند، جۆرەکانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا سەلامەتن و کاریگەرییان لەسەر ڤایرۆسەکە ھەیە، لەبەر ئەوە ھانی عێراقییەکان دەدەین کە لە بنکەکانی تەندروستیی ڤاکسین وەربگرن.

نوسینگەی رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی لە عیراق راگەیەندراوێکدا دەڵێت، جۆرەکانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا، ئامرازێکی سەرەکییە لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە جۆرەکانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا، سەلامەتن و کاریگەرییان لەسەر ڤایرۆسەکە ھەیە و ھاتووە:"لەبەر ئەوە ھانی عیراقییەکان دەدەین کە لە بنکەکانی تەندروستیی ڤاکسین وەربگرن".

رێکخراوەکە دەشڵێت، زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عیراق، جێگەی نیگەرانییە و جەختکراوەتە لەسەر ئەوەی کە تەنھا لەڕێگای توندترکردنی رێوشوێنەکانی خۆپارێزییەوە، دەتواندرێت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا، ٩١٨ ھەزار و ١٥٥ کەس لە عیراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و لەو ژمارەیەش ١٤ ھەزار و ٦٧٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٨٠٩ ھەزار و ٦٦٣ کەسیش چاکبوونەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن