ئەنقەرە- AA
لە نەوەد و سێیەمین رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكاردا، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر درایە ژنەدەرهێنەری چینی، كڵۆی چاو بۆ فیلمی "نۆمادلاند"، فیلمەكەش خەڵاتی باشترین فیلمی پێدرا.
نۆمادلاند، دووەم فیلمە كە دەرهێنەرەكەی ژن بێت و وەك باشترین فیلم خەڵاتی ئۆسكاری پێدرابێت، بەهەمان شێوە چاو یەكەم ژنە دەرهێنەرە كە سپی پێست نەبێت و خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنابێت.
كڵۆی لە دایكبووی شاری پەكین پایتەختی چین-ە و بەم سەركەوتنەی ناوبانگێكی زۆری لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا، بەڵام كەناڵە فەرمییەكانی حكوومەتی چین ئەم سەركەوتنەیان پشتگوێ خست.
هەروەها ئەو ماڵپەڕ و تۆڕەكۆمەڵایەتییە چینییانەی هەواڵی سەركەوتنی فیلمی نۆمادلاند-یان بڵاوكردووەتەوە سانسۆر كران.
لە لایەكی دیكەشەوە ئەپڵیكەیشنی "Douban" كە یەكێكە لەو ئەپڵیكەیشنانەی لەلایەن هەوادارانی سینەما زۆرترین بەكارهێنەری هەیە لە بەشی گەڕان ناوی "نۆمادلاند" و "كڵۆی چاو"ی سانسۆر كردووە و تەواوی ئەو گفتوگۆیانەشی سڕیوەتەوە كە باس لە سەركەوتنی فیلمەكە دەكەن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لێدوانەكانی مانگی رابردووی ئەو ژنەدەرهێنەرە لە رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی، كاردانەوەی توندی حكوومەتی چین-ی بەدوای خۆیدا هێنا.