گرانەتا (تای تیفۆ) و تای ماڵتا (حوممە مالتا)، باوتریین ھەڵەی تەندروستیی لەم ھەرێمە!

تەندروستی

30/04/2021     ژمارەی بینراو 2438

گرانەتا (تای تیفۆ) و تای ماڵتا (حوممە مالتا)، باوتریین ھەڵەی تەندروستیی لەم ھەرێمە!


ڕاچڵه‌كین-

لەگەڵ ھاتنی وەرزی گەرما و ھاوین، بە دڵنیاییەوە ھەست بە بەرزبوونەوەی گەرمی لەش دەکرێت، لە وڵاتێکی گەرمی وەکو ئێمەش و لە نەەبوونی کارەبایەکی ڕێکوپێک، دەشێ گەرما کاریگەریی زیاتری ھەبێ لەسەرمان، ئەمانە مانای ئەوە ناگەیەنن ھەر ھەستت بە گەرمبوون کرد لێشاو ببەیتە نەخۆشخانەکان و داوای پشکنینی گرانەتا بکەیت! چونکە زۆربەی جار ئەم حاڵەتە لێدانی گەرمیی و گەرمیی خۆرە (چربه‌ شمس).

ھەستکردن بە گەرمبوونی لەش جیاوازیی زۆرە لەگەڵ تا، واتا کەسێک کە دەڵێ تام ھەیە دەبێ بە گەرمیپێو (میحرار) پێوانە کرابێت ئەو کاتە بۆت ھەیە بڵێی تام ھەیە!

بوونی "تا" پێداویستییەکی بێ چەند و چوونە  بۆ دەستنیشانکردنی گرانەتا و تا ڕاددەیەکی زۆریش بۆ دەستنیشانکردنی تای ماڵتا. ناکرێت بێ پێوانی گەرمی لەشت بە گەرمی پێو، بڵێیت "تا"م ھەیە و گرانەتام ھەیە!

تەنھا ھەستکردن بە شەکەتیی، قاچ و قۆڵ ئێشان و بێ تاقەتیی مانای ئەوە نییە تۆ گرانەتا یان تای ماڵتات ھەیە! تکایە واز لەو ھەڵە باوە بێنن! تکایە خانمی بەڕێز ھەموو قژ ھەڵوەرینێک مانای ئەوە نییە تۆ تای ماڵتەت ھەیە!
○ھەندێ پشکنینی خوێن ھەیە لە بازاڕ و ھەندێ تاقیگە، وەکو پشکنینی (ویداڵ) کە چەند ساڵێکە لە تاقیگە جیھانییەکان ڕەتکراوەتەوە، ھیچ ئاماژە بو بوون و نەبوونی نەخۆشی گرانەتا ناکات! تکایە واز لەوەبهێنە بڵێیت گرانەتاکەم سێ سەد و بیستە! زۆر ھەڵەیە و لە زانستی پزیشکیی سەردەم، پشت بەو پشکنینە نابەسترێت تکایە تکایە!!

دەستنیشانکردنی تەواوی گرانەتا تەنھا لە ڕێگای چاندنی (زەرع کردنی) خوێن، یان چاندنی پیسایی، یان چاندنی مۆخی ئێسک دەکرێت! 

دەتوانرێت لە ڕێگای فەحسی خوێنی (PCR)یش بکرێت، ھەموو ئەم پشکنینانە ھیچ بەهایەکیان نابێت ئەگەر پزیشکی پسپۆڕ دەستنیشانکردنی کلینیکیی (سەریریی) نەکات، واتا پزیشک دەستنیشانکەری بێ چەند و چوونە زەرع کردنیش یارمەتیی تەشخیسکردنەکە، دەدات!

ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری تای ماڵتا بەکاردێت، کاریگەریی لاوەکیی (ئەعڕازی سلبی) ھەیە و شتێکی نا زانستی و ناشارستانیی و ھەڵەیە لەلایەن کەسێک کە پسپۆڕی ئەو بوارە نییە بۆت بنوسرێت و تۆش وەریبگریت! 
لە ھەموو حاڵەتێکدا دەبێت ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.

د.زانا دزەیی
پسپۆڕی ھەناو

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن