عیراق هۆشدارییەكی توند بە توركیا دەدات

عێراق

03/05/2021     ژمارەی بینراو 329

راچڵەكین –

حكومەتی عیراق هۆشدارییەكی توند بە توركیا دەدات بەهۆی هاتنی وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بۆناو خاكی عیراق بەبێ رەزامەندی بەغدا، وەزارەتی دەرەوەش نامەیەكی ناڕەزایەتی ئاراستەی باڵیۆزی توركیا دەكات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر هاتنی خەڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا بۆناو خاكی عیراق بەبێ پرسكردن، باڵیۆزی ئەو وڵاتەیان لە بەغدا بانگكردووەو نامەیەكی ناڕەزایەتیان ئاڕاستەی كردووە.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاندووە، سەردانەكەی وەزیری بەرگری توركیا نایاسایی بووە، بەو پێیەی بەبێ هەماهەنگی و وەگرتنی رەزامەندی حكومەتی عیراق ئەنجامیداوە.

وەزارەتەكە سەركۆنەی لێدوانەكەی خەڵوسی ئاكار-یشی كردووە، سەبارەت بەنیازی توركیا بۆ دروستكردنی بنكەیەكی دیكەی سەربازی لەهەرێمی كوردستان.

دوێنێ 2-5-2021، خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا، بە فڕۆكەیەك هاتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی سوپای وڵاتەكەی بەسەركردەوە، كە ئێستا لەگەڵ گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شەڕێكی سەختدان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن