بیل گەیتس و میلیندا دوای 27 ساڵ پێكەوەژیان.. جیابوونەوە

هەمەڕەنگ

04/05/2021     ژمارەی بینراو 682

راچڵەكین-ئاسۆ شەیدا

دامەزرێنەری كۆمپانیای مایكرۆسۆفت، دوای 27 ساڵ پێكەوەژیان جیابوونەوەی خۆی لەگەڵ میلیندا گەیتس راگەیاند.

گەیتس لەراگەیەندراوێكی هاوبەشدا كەلەتویتەری خۆی بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە:" خۆی و میلیندا بەردەوام دەبن لەكاری پێكەوەیی لەبوارەكانی فێربوون، یەكسانی نێوان هەردوو رەگەزو چاودێری تەندروستی كە كۆمەڵێك پرۆژەی خێرخوازی تایبەت بەخۆیانە."

ئەوەش روونكراوەتەوە:" دوای تێفكرینێكی زۆر لەبارەی پەیوەندییەكانمان، بڕیاری كۆتاییمان ئەوەبوو كە لەیەكدی جیاببینەوە."

گەیتس و میلیندا لەراگەیەندراوە هاوبەشەكەیاندا ئاماژەیان بەوەكردووە:" سێ منداڵی نایابمان پەروەردەكردو دامەزراوەیەكمان دروستكرد كەلەسەرانسەری جیهاندا كاردەكات لەپێناو دەستبەركردنی ژیانێكی تەندروست و بەرهەمهێن بۆ مرۆڤەكان."

ساڵی رابردوو، بیل گەیتس دەستبەرداربوونی لە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری كۆمپانیای ( مایكرۆسۆفت) راگەیاند بەئامانجی خۆ تەرخانكردن بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەی خێرخوازی ( بیل و میلیندا گەیتس).

بیل گەیتس و میلیندا ساڵی 1994 لە هاوای، پرۆسەی هاوسەرگیریان ئەنجامدا، ئەو كات میلیندا بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن بوو لەكۆمپانیای مایكرۆسۆفت.بیل گەیتس و میلیندا خاوەنی سێ منداڵن، جێنیفەر 25 ساڵ، فیبی 18 ساڵ و رۆری 21 ساڵ.

سامانی خێزانی گەیتس بە 130 ملیار دۆلار مەزندە دەكرێت، بەوەش دەبێتە چوارەم دەوڵەمەند لەسەر ئاستی جیهاندا.

ئیمپراتۆریەتی گەیتس چەندین ڤێلا لەپێنج ویلایەتی ئەمریكا، ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی گرانبەها لەنێویاندا ئۆتۆمبێلی جۆری پۆرش كەبەهاكەی 2 ملیۆن دۆلارە، كۆمەڵێك كاری هونەری لەنێویاندا كۆدەكانی داڤنشی كە 30 ملیۆن دۆلار لەسەر گەیتس كەوتووە،لەگەڵ چەندین كاری هونەری نیگاركێشانی تر لەنێویاندا نیگارێكی هونەرمەند وینسلی هۆمە كە بەهاكەی 36 ملیۆن دۆلارە ، لەگەڵ ژمارەیەك فڕۆكەی تایبەت.



جگە لەوە گەیتس بە گەورەترین خاوەنی زەوی كشتوكاڵی لە ئەمریكا ئەژمار دەكرێت كە لە 18 ویلایەتی ئەو وڵاتە زەوی هەیە.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن