ئەرێ سەركردایەتی یەكێتی تاڵەبانی دەناسێت ؟

کەلتوور

21/05/2021     ژمارەی بینراو 782

ماوەی دوو مانگە بڵاوبووەتەوە، ئاگری لەعیراق بەردا
 
مام جەلال وتی:

*لەساڵی ١٩٩١، كە دانوستان لەنێوان ئێمە و بەعسدا دەستیپكردەوە بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی و بەعسیش عزەت دوری و تارق عەزیز و هاشم سوڵتان بەشداربوون، عزەت دوری وتی: باوكی بافڵ توركیا نەیهێشت ساڵی ١٩٨٤رێكبكەوین.
*لەیەكێك لە دانوستانەكانمان لەگەڵ بەعس، عزەت دوری و تاریق عەزیز بەشداربوون، عەزیز بەمنی وت باسی كەركوك مەكەن، تەنها رێگەتان پێدەدەین كە بەلایدا رۆیشتن بگرین بۆی، منیش وتم سوپاست دەكەین كەرەمێكی زۆرە كە رێگەمان پێدەدەن بگرین، خۆ ١٥ملیۆن شیعە لەعێراقدا هەن تەنانەت رێگەی گریانیشیان پێنادەن لە رۆژی عاشورادا.
*نمرەی باشم هێنا لەئامادەیی، كۆلێژی پزیشكی وەریگرتم، بەڵام لەبەڵگەی قوتابخانە خراپی مامەڵەم بۆ نوسرابوو، لەبەرئەوەی لە چواری ئامادەیی بۆ ماوەیەك گیرام. دووەم جاریش لە حەفتاكان چووم بۆ فەڕەنسا بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا، بەڵام ناچار گەڕامەوە بووم بە ئەندامی بەرەی رزگاریخوازی فەڵەستین لە لوبنان.
*ساڵی ١٩٦٨ئەحمەد حەسەن بەكر داوایكرد كە بەشداربم لەكودەتاكەی كە دەیكەن و جومگەیەكی دەسەڵات لە عێراق وەرگرم، بەڵام قبوڵم نەكرد.
*دوای روخاندنی سەدام ، هێزەكانی هاوپەیمانی دەیانویست یەكسەر حكومەتێكی تەواو بۆ عێراق دامەزرێنن ، بەڵام هێزەكانی موعارەزە یان راستر بڵێم هێزە عێراقییەكان  رێكنەكەوتین لەسەر شێوازەكە، گارنەر پێی وتین: حكومەتێكی كاتی دابمەزرێنن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، ئێمەش لەگەڵتاندا دەبین . بەڵام كەس رێكنەكەوت، بۆیە دەسەڵاتی هاوپەیمانی كۆنتڕۆڵی دۆخەكەی كرد، هەڵەی سیاسییەكانی عێراق بوو .
*دوای سەدام ئەمریكییەكان پێشنیاری منیان كرد كە جڵەوی عێراق بگرمە دەست، بریمەر وتی تۆ دەتوانیت ئەو كارە بكەیت، گارنەر زۆر بەباشی نەیدەناسیم ، بەڵام پاش چەند كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی تر، پێی وتم باشترین كەس تۆی دۆخی عێراق چاكبكەیتەوە، یان سەرۆك كۆمار یان سەرۆك وەزیران كامەیان هەڵدەبژێریت، بەڵام هەندێك لەلایەنەكان قبوڵیان نەكرد.
*كە ئەنجومەنی حكوم پێكهات سەرەتا حزبی دەعوە و حزبی ئیسلامی عێراقی تێیدا نەبوو، من و مەسعود بارزانی وتمان ئەگەر ئەوانیش بەشدارنەبن ئێمەش ئەندامێتی خۆمان دەكشێنینەوە.
*بریمەر داوای كرد كە عەدنان پاچەچی ببێت بەسەرۆكی عێراق، ئێمەش وتمان غازی عجێل یاوەر، بریمەر وتی من بەناوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە رایدەگەیەنم كە پاچەچی سەرۆكی عێراقە، منیش وتم: منیش بەناوی عێراقەوە رایدەگەیەنم غازی یاوەر سەرۆكە، پێم وت خۆت ماندوومەكە كە وتم نا واتا نا.
*لایەنە عێراقییەكان رێكنەدەكەوتن لەسەر دابەشكردنی سێ پۆستە سیادییەكە (سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمان ) مشتومڕەكان زۆری خایەند، رۆژێك هەموویانم بانگێشتكرد بۆ نانخواردن، لەویدا رێكەوتین لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان (سەرۆككۆمار بۆ كورد ،وەزیران بۆ شیعە ، پەرلەمان بۆ سوننەكان ) بەڵام ئەمە خاڵی دەستور نییە، واتا دەكرێت بگۆڕێت.
*پێش روخاندنی دەسەڵاتی بەعس، سەدام نامەیەكی بۆ ناردم هەم گلەیی و هەمیش بەڵێن و هەمیش هەڕەشەی تێدابوو، منیش بە زمانێكی هێمن وەڵامم دایەوە كە وازبهێنێت و كورسی دەسەڵات بەجێبهێڵێت باشترە.
*ساڵی ١٩٧٠دەچووم بۆ سوریا لە رێگە نەیانهێشت داخڵ بم، لەوكاتەدا هاوڕێیەكم كە لەهێزەكانی فەڵەستین بوو بەوێدا رۆیی و نامەیەكم دایە خێرا بیگەیەنێت بە سەرۆكوەزیران (حافز ئەسەد)، پاش ماوەیەك وەستان بروسكە هات كە جەلال تاڵەبانی میوانی حافز ئەسەدە، مارسیدسێكیان نارد بۆ گەیاندم بۆ شوێنی مەبەست ، هاوڕێیەتی من و ئەسەد زۆر كۆنە.
*بە ئامادەبونی عەبدولحەلیم خەدام، حافز ئەسەد داوای لێكردم هەموو هێزەكانی موعارەزە كۆبكەمەوە و رابەرایەتی قۆناغی نوێ بكەم لە عێراق .
*لەسەرەتای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، چەكێكی زۆرمان لە لیبیا و سوریاوە بۆ هات، بەڵام زۆربەی لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا، چووم بۆ تاران موستەفا شەمیران كە وەزیری بەرگری بوو باوەشێكی گەرمی پیاكردم، وتم چەكەكانمان وتی پارەت دەوێت لە جیاتی، وتم نەخێر ، وتی راستی پێت بڵێم دابەشمانكرد بەسەر پاسداران.
*لەپۆلی شەشی سەرەتاییەوە حزبایەتی دەكەم ، حەزدەكەم پشوو بدەم و دوركەومەوە ئەو چەند ساڵەی تەمەنم یاداشتەكانم بنوسمەوە .
*یەكەم بڕیار كە بووم بە سەرۆككۆمار ئەو بڕیارەم هەڵوەشاندەوە كە چاودێری دارایی بۆی نییە چێكی ژمێریاریی سەرۆكایەتی كۆمار بكات، بڕیارمدا یەكەم كەس كە دەبێت چاودێری دارایی لێی بكۆڵێتەوە جەلال تاڵەبانییە.
*من زۆر مێژووی كوردم خوێندووەتەوە، دەزانم دروستكردنی دەوڵەتی كوردی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەم دۆخەدا گونجاو نییە، هەر هەنگاوێك بەو ئاڕاستەیەدا زیانی دەبێت .
*من وغەسان كەنەفانی (نوسەرێكی گەورەی عەرەب و فەڵەستینی بوو، بڕوا بكەن ئێستا سێ بەشی سەركردایەتی یەكێتی نایناسێت .خۆم.) هەردوكمان دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ئامانج بووین لە بەیروت لەیەك ژوردا دەواممان دەكرد، هەموو جارێك كە نامەی بۆدەهات خۆی دەیكردەوە ، پێم دەووت كەنەفانی هەڵە دەكەیت خۆت نامە دەكەیتەوە، ئیسرائیل رەنگە لەڕێی نامەوە كارێكی قێزەون بكات، دەیووت: گوێ مەدەرێ، كە نامەكانی دەكردەوە دەمووت من دەچمە دەرەوە خۆم ناكوژم وەك تۆ، قسەم راست دەرچوو تا زەفەریان پێبرد و تیرۆریان كرد.
*لەساڵی ١٩٦٨من و برایم ئەحمەد و عومەر دەبابە لە شەقامی كۆمار لەبەغدا دەسوڕاینەوە، لەپڕدا ئۆتۆمبێلێك وەستا، سەدام حسێن بوو، لێم پرسی: ئەوە چیتە باوكی عودەی، وتی هەستدەكەم تووشی قورحەی گەدە بووم ،كەمێك قسەمانكرد ، من پێشتر سەدامم ناسیوە.
*لەساڵی ١٩٦٨ ئەحمەد حەسەن بەكر داوای لە برایم ئەحمەد كرد كە بەشداری حكومەت بكەین ، پێی وتین باڵی بارزانی بە دوو وەزیر بەشدارن، تۆ یان جەلال بەشداربن ، ئێمە رەفزمان كردەوە، بەڵام تەرحی ناوی تەها محێدینمان كرد بۆ وەرگرتنی پۆست .
*یەكێك لە هەڵە گەورەكان پەیوەندی جوڵانەوەی كورد لەگەڵ ئیسرائیلدا بوو.
*ئۆجەلان كە ناسیم گەنج بوو لە بارەگاكانی ئێمە لەسوریا دەمایەوە و دەژیا
*لەساڵی ١٩٩٢ ،١٩٩٣، لەسەردەمی ئۆزال، سلێمان دیمیرێل راسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەت لەتوركیا، بانگی كردم وتی: چۆن كێشەی كورد چارەسەر بكەین، وەك برایەك دەمەوێت تێبینی خۆتم پێبڵێیت، وتی پەیوەندیت چۆنە لەگەڵ ئۆجەلان، پێموت: زۆر باشە، باشترین ئەوەیە شەڕ راگرن و تێگەیشتنی سیاسیی هەبێت، رازی بوون بەمەرجێك ئۆجەلان رازی بێت، من راسپێردرام بۆ ئەو ئەركە ، چووم بۆ سوریا ئۆجەلان هات بۆلام و رازیمكرد كە شەڕ رابگرن، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ببەستێت باسی ئاگربەست بكات، بەڵام لە كۆنگرە وتی بۆ ماوەی ٢١رۆژ، دوای ئۆزال وتی با ماوەكە درێژبكاتەوە ،دیسانەوە لەگەڵ ئۆجەلاندا بە ئامادەیی كامەران قەرەداغی دانیشتمەوە ، وتی تۆ چەند دەڵێت، وتم ماوەیەكی باش، ئەوەبوو ئۆجەلان رایگەیاند كە تا كاتێكی نادیار شەڕ رادەگرین. ئەو كارە سەری بگرتایە كێشەی كورد زۆر باش چارەسەردەبوو.
*ساڵی ١٩٨٣لە گەرمەی گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەعس، داوامكرد كە زانكۆی سلێمانی بمێنێتەوە، یان زانكۆیەك دروستبكرێت بەناوی زانكۆی كوردستان، تارق عەزیز وتی: بەقەزافی هاوڕێت بڵێ كە پارەتان بداتێ بۆ ئەو كارە ئێمە نیمانە، من تووڕەبووم، تارق عەزیز وتی قسەم سەحب دەكەم، بەڵام من وەرەقەكانم كۆكردەوە ووتم : كۆتایی هات كۆبوونەوەكە، بەڵام قاسملۆ كە بەشداربوو كاغەزێكی خستە بەردەستم وتی: مەسەلەكە زۆر قورس مەكە. كە دواتر سەدامم بینی وتی تووڕەبوونەكەتم پێ خۆشبوو، ئەوەش نیشانەی جدیەتی كاری تۆیە.
*سامی عەبدولرەحمان بەرپرس و جێبەجێكەری شەهیدكردنی عەلی عەسكەری  و دكتۆر خالید و شێخ حسێنە. 
*ساڵی ١٩٩٠بە بەریتانییەكان و ئەمریكییەكانیشم وت كە سەدام هێرش دەكاتە سەر كوێت وداگیری دەكات، كەس باوەڕی پێنەدەكردم ، من سەرچاوەكەم لەناو سەركردایەتی باڵای سوپای عێراقەوە بوو. 
*بەڵگەی تەواو هەیە كە راپەڕین یەكێتی پێی هەڵسا، من لەدەرەوە بووم، نەوشیروان نامەیەكی نارد بۆ بارزانی كارەكەی پێی وت كە چیمان ئامادە كردەوە لەناو شارەكان، وەڵامی دایەوە كارێكی باشتان كردووە، بەڵام لە ئێستادا ئێمە ئیمكانیەتی وامان نییە. كە راپەرین كرا ، ئینجا حزبەكان و خەڵك بەشداربوون ، بەڵام سەرپەرشتیاری نەوشیروان مستەفا بەری كەركوك بوو، كۆسرەتیش بەری هەولێر و شەقڵاوە بوو. 
*كەركوك بە دەست كوردەوە بوو لەساڵی ١٩٩١حكومەتی بەعس داوای كرد بە خێرایی دانیشتنێك بكەین لەسەر ئەو مەسەلەیە، بەرزان تكریتی راسپێردرا كە ئەو كارە بكات لەسویسرا دانیشتن رووبدات، بە مەسعود بارزانیم وت: ئەویش هۆشیار زێباری و موحسن دزەیی راسپارد، بەڵام ئەوان دانیشتەكەیان رەتكردەوە بە بیانووی سەفەریان هەیە بۆ سعودیە. لام وابوو ئەوكاتە روویبدایە زۆر باش دەبوو.
*دەنگێكی تۆماركراوم هەیە وتوومە كە بە هەموو مەرجێك رازین، بەڵام سەدام دێیەكانمان نەڕوخێنێت، عەلی حەسەن مەجید وتی: ئەو شتەمان دۆزیوە كە جەلال ئازاری پێدەگات، بۆیە زیاتر دێیەكان وێران دەكەین.

*غەسان شربل سەرنوسەری رۆژنامەی حەیات و شرق الاوسگ. یەكێكە لە رۆژنامەنوسە گەورەكانی عەرەب، ئەمە دواین دیداری تاڵەبانیی بووە.
كتێبەكەی دوو مانگە بڵاوی كردووەتەوە، بەڵام ئاگری لە سیاسەتی عێراق بەردا، چونكە نهێنی گەورەو سەیری تێدا تۆماركردووە.

مالكی و عەبادی و زێباری و عەزیز محەمەد شتی سەیر باسدەكەن

محەمەد نوری

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن