بەسەرهاتێكی كاریگەری شەهید فاروق جەبار

کەلتوور

30/05/2021     ژمارەی بینراو 3612

راچڵەكین -

لە نامەیەكدا سەعدیە خان بۆ شەهید فاروق دەنوسێت:

تۆ دڵنیابە من تا پەنجا ساڵی تریش چاوەڕێت دەكەم، كەزی سپی لە چاوەڕوانی تۆدا دەنوێنمەوە، بەڵام تۆ هەر پێشمەرگەبە..

لە بنكەی گورگی سونێ لای كاك خەباتی مام شەریف نانی بەیانیم خوارد، سەرخەوێكم شكاند و دواتر بەرەو نۆكان كەوتمە ڕێ.
لەنۆكان هەواڵم بۆ كاك فاروق جەبار نارد بێتە دوام، تا لەبازگەی قاسمەڕەش لە بازگەی پاسداران لە قاسمەڕەش دەربازم بكا. زۆری نەبرد ئەو بە ئۆتۆمبێلێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هات و منی هەڵگرت. لەڕێگا جگە لەباس و خواس، نامەیەكی زۆر تایبەتیم بۆ بردبوو، كاتێك زانی ئەو نامەیەم لایە لایدا، تا نەیخوێندەوە نەكەوتە جوڵە، هێندە دڵی پێخۆشبوو خەریك بوو باڵی دەگرت، نامەكەی سەعدیە خانی دەستگیرانی دایە دەستم و گوتی: تەنیا ئەم دوو دێڕانە بخوێنەوە. كە لێم وەرگرت و سەیرم كرد نووسرابوو:  
تۆ دڵنیابە من تا پەنجا ساڵی تریش چاوەڕێت دەكەم، كەزی سپی لە چاوەڕوانی تۆدا دەنوێنمەوە، بەڵام تۆ هەر پێشمەرگەبە..

فاروق بە پێكەنینەوە گوتی: 
نامەكە لەكاتی خۆیدا هات، دەنا بەڕاستی بەتەما بووم كەتنێك بكەم و كچێكی مهابادی بخوازم، بەڵام تازە جارێكی دی بەسترامەوە.

ئێستا من كە ئەو بیرەوەرییانە دەخەمە سەر لاپەڕەی كتێبەكە، بیرو هەستم بۆ لای ئەو خۆشەویستییەی نێوان ئەو پێشمەرگە قارەمانە و ئەو كچە شارییە دەچێ، یەكێك بە ئەنفال ورە بەرنادا، لە سێبەری قەندیل چاو پڕ لە ئومێد دەڕوانێتە ڕۆژی ئازادی و ئەوی دیش لەسایەی داگیركەراندا داوا لە دەستگیرانەكەی دەكا كە بە ئازادی نەبێ نەگەڕێتەوە و بێخەمیش بێ، چونكە ئەو ئامادەیە تا قۆناغی هۆنینەوەی كەزی سپی بەدیارییەوە دابنیشێ.

ڕۆژ دێ و ڕۆژ دەڕوا، فاروق بە ئازادی دەگەڕێتەوە و لەسایەی ئازادیش ئەوان بەمراز دەگەن و باڤێ، باسنێ و بوێر دەبنە بەرهەمی ئەو خۆشەویستییە و نامە گرنگەكە، كەچی فاروق لە رۆژانی دوای 31 ی ئابی 1996 بەدەستی ئەوانە شەهید دەبێت، كە تا دوێنێ لە دژی ئەو ڕژێمەی ئەمڕۆ ئەوان پێش قەرەوڵیان هاوسەنگەر بوون.
تا هەواڵەكانی كوردستان بە گشتی و خزم و كەسەكانیم بۆ فاروق باس كردن، گەیشتینە قاسمە ڕەش.

لەكتێبی ڕێی هات و نەهات-ی ئارێز عەبدوڵڵا وەرگیراوە

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن