لە هەر خولەکێکدا لەجیهان ١١ کەس بەهۆی برسێتییەوە گیان لەدەستدەدەن

ڕاپۆرت

09/07/2021     ژمارەی بینراو 433

راچڵەکین-

رێکخراوی خێرخوازی ئۆکسفام راپۆرتێکی لەژێر ناوی "ڤایرۆسی برسێتی لە پەرەسەندندایە" بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت:"لە هەر خولەکێکدا لەجیهان ١١کەس بەهۆی برسێتییەوە گیان لەدەستدەدەن".

رێکخراوی خێرخوازی ئۆکسفام کە بنکەی سەرەکی لە لەندەن-ی پایتەختی بەڕیتانیا-یە، لەراپۆرتەکەدائاست و رێژەی برسیەتی لە جیهاندا خستوەتەڕوو ئاماژەی بەوەکردووە، ئێستا لە سەرتاسەری جیهاندا لە هەر یەک خولەکدا ١١ کەس بەهۆی برسێتییەوە گیان لەدەستدەدەن کە ئەمەش خێراترە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە هەر یەک خولەکدا حەوت کەس بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.

لەراپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، کە قەیرانی کەشوهەوا و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا وایکردوە نرخی خۆراک بە رێژەی سەدا ٤٠ بەرزببێتەوە ئەمەش هۆکاری سەرەکی دروستبوونی برسێتییە.

هەروەها ئەوە خراوەتەڕوو کە لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی پەتاکەوە تا ئێستا خەرجی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە جیهاندا ٥١ ملیۆن دۆلار زیادیکردوە، ئەم ژمارەیەش لایەنی کەم شەش هێندەی ئەو بڕە پارەیەیە کە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسێتی لە جیهاندا پێویستییەتی.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە کە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن مرۆڤ لە جیهاندا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە لەبەردەم مەترسی برسێتیدان.

دەربارەی بەرزی رێژەی برسیەتی لە جیهاندا، ئابی ماکسمان، سەرۆکی لقی ئەمریکای رێکخراوی ئۆکسفام،  رایگەیاند: "ئامارەکان شۆکهێنەرن بەڵام پێویستە ئەوەمان لەبیربێت کە ئەو مرۆڤانەی ئەم ئامارانەیان پێکهێناوە رووبەڕووی ئازارێکی تاقەتپڕوکێن بوونەتەوە".

ماکسمان، ئاماژەی بەوەشدا کە لەو وڵاتانەی شەڕ و پێکدادانیان تیادایە وەک ئەسیوبیا، باشووری سودان، سووریا و یەمەن، برسیەتی وەک "چەکێکی جەنگی" بەرامبەر بە هاووڵاتییانی مەدەنی بەکاردەهێندرێت، بەهۆی بۆردوومانکردنی بازاڕەکان، لەناوبردنی ئاژەڵ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانەوە ژیانی مرۆڤەکان بەشێوەیەکی پارێزراو بووەتە شتێکی مەحاڵ.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن