راچڵەکین-
لە هەر ١٠ منداڵی تازە لەدایك بووی کوڕ یەکێکیان ئەو بارەی هەیە، بریتییە لە کۆبوونەوەی شلە، زۆربەی جار شلەکە رۆن و خاوێنە بۆیە خەلكی و پزیشکانیش بە (ئاو) وەسفی دەکەن، شلەکە لە دەوری هێلکەی گون کۆدەبێتەوە کە بە پەردەیەکی تەنك دەورەدراوە.
لە زۆربەی باردا لە ماوەی ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵدا خۆی لەخۆیدا ئاوەکە (شلەکە) نامێنێت و پێویست بە هیچ چارەسەریەك ناکات. بە گشتی نیشانەکانی بریتیین لە ئەستووربوونی هێلکە گون بە شێوەیکی گۆیی، لە کاتی دەست لێدان ئەستووربوونەکە نەرمە و ئازاری نییە، هەروەها ئەستووربوونەکە لەوانیە زیاد و کەم بکات لەکاتی گریان و جوولەی منداڵەکە.
کەی پێیویستی بە چارەسەرییە؟
1. ئەگەر ئەستووربوونی هێلکە گون لە زیاد بوون بوو، واتا بەردەوام لە زیادبووندابوو.
2. ئەگەر بووە هۆی ئازار و رەق بوونی هێلکەی گون بە تایبەتی لە کاتی دەستلێدان.
3. ئەگەر فتقی لەگەڵ بوو.
4. ئەگەر ئەستووربوونی هێلکەی گون دوای ساڵێکی تەمەن هەر وەك خۆی ماوە "ئاوەکە هەربمێنێت".
د. رامان صابر نانەکەلی
پسپۆر (دکتۆرا - بۆڕدی عەرەبی) لە نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆکی و لاوازی سێکیس