راچڵەكین-
پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ڕووداوی هێرشكردنە سەر گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژن دوورە لە ڕاستیەوە و هیچ ڕووداوێكی لەمجۆرە و ڕووداوی دیكەی هاوشێوەی لەڕۆژانی جەژن ڕووینەداوە.
پارێزگای هەولێر لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" دوای بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەك لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەند شوێنێكی دیكە، كە گوایە لەلایەن چەند چەكدارێك لە ڕۆژانی جەژن دەستدرێژی كراوەتە سەر گه شتیاران و پاسێكی گەشتیاری و تەقەی لێكراوە، بە هەموو لایەك ڕادەگەێنین كە ئەم ڕووداوە بەهەموو شێویەك دوورە لەڕاستی و هیچ ڕووداوێكی لەمجۆرە و ڕووداوی تری هاوشێوەی لەڕۆژانی جەژن ڕووینەداوە."
ئاماژەبەوەشكراوە:" ئەم گرتە ڤیدیۆیە و ڕووداوەكەش كۆنە و بەماوەیەكی پێش جەژن ڕوویداوە، ئەویش وەرگرتنی ئیجرائاتی پێویست بووە بەرامبەر بەچەند كەسێكی سەرپێچیكار."
لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە:"جارێكی تر هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاكەمان دڵنییا دەكەینەوە ڕەوشی ئەمنی و سەقامگیر هەولێری پایتەخت و سەلامەتی و پاراستنی گیانی گەشتیاران و سەرو ماڵی هاوڵاتییانی شارەكەمان بە چاوكراوەیی و شەونخونی برایانیان لە هێزەكانی ناوخۆ پارێزراوە."