14 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی جەبار فەرمان-دا تێدەپەڕێت

ڕاپۆرت

09/08/2021     ژمارەی بینراو 472

راچڵەكین-

ئەمڕۆ 9-8، چواردە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كۆچی دوایی (جەبار فەرمان) فەرماندەی دیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە.

 جەبار فەرمان، لە رۆژی 08-06-1947 لە گوندی بان میل-ی خانەقین لەدایكبووە. رۆژی 18-09-1954 چۆتە قوتابخانەی كارێز لە گوندی كارێزی خانەقین و دەستیكردووە بە خوێندن و ساڵی 1960 خوێندنی سەرەتایی تەواوكردووە.لە ساڵی 1967 خوێندنی ناوەندی لە شاری خانەقین تەواوكردووە، دواتر لە پەیمانگەی مامۆستایان لە شاری باقوبە وەرگیراوەو پاشان بەسەركەوتوویی تەواویكردووە.

دوای تەواوكردنی پەیمانگە، لەگوندی بوهرز-ی سەر بە پارێزگای دیالە بووەتە مامۆستاو دوای ساڵێك چووەتە بەغداو لە قوتابخانەی سەورە لە مەدینە سەورەی بەغدا بۆتە مامۆستا.ساڵی 1971 لە زانكۆی موستەنسریە-ی بەغدا لە كۆلێژی فیزیا وەگیراوە، هەر لەو ماوەیەدا پەیوەندیكردووە بەكۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان كە دواتر بوو بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان.

دوای دووساڵ خوێندن و لەگەڵ دەستپێكردنەوەی شەڕ لەنێوان كوردو حكومەتی بەعس لەساڵی 1974 بووە بەپێشمەرگە. دوای نسكۆ لەساڵی 1975 گەڕاوەتەوە ناوشار درێژەی بەكاری حزبی و خەباتی نهێنی داوە. هەمان ساڵ لەگەڵ یەكەم دەستەی تێكۆشەرانی كۆمەڵەدا دەكەوێتە دەستی دوژمنو زیندانی كراوە.

لەساڵی 1975 تا 1979 لە زیندانەكانی ئەمنی خاسەو فەزیلیەو ئەبوغرێب ماوەتەوە، لە 17-04-1980 پەیوەندیكردووە بەهێزی پێشمەرگەی (ی.ن.ك)ەوە. سەرەتا بووەتە رابەر سیاسی لە هەرێمی دوو، پاشان كراوەتە لێپرسراوی كەرتی رێكخستنی چۆمان، دوای كۆنفرانسی دووی كۆمەڵە بۆتە لێپرسراوی رێكخراوی دووی كۆمەڵە، دواتریش مەڵبەندی یەك.

ساڵی 1988 بۆتە نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە مەكتەبی تەنفیزی بەرەی كوردستانی،ساڵی 1990 لەولاتی سوریا بەهەمان ناونیشان خەباتی كردووە. ساڵی 1991 لەگەڵ مام جەلال، سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی لە راپەڕیندا گەڕاوەتەوە كوردستان. لە دووەم راپەڕینی خەڵكی سلێمانی رۆڵی بنچینەیی گێڕاوە.

لەساڵی 1991 رۆڵێكی بەرچاوی بینیوە لەدامەزراندنی كۆلێژی سەربازی و بنیاتنانەوەی نەخۆشخانەی شۆڕشو هەروەها كراوەتە سەرلەشكری یەك-ی (ی.ن.ك).ساڵی 1992 كراوەتە لێپرسراوی مەكتەبی عەسكەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.ساڵی 1992 ناوەندی رووناكبیریو كۆمەڵایەتی گەرمەسێری دامەزراندووە.

لە یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوەتە وەزیری پێشمەرگەو لە ساڵی 1995 كراوەتە وەزیری ناوخۆ، لە هەمانساڵدا ئەركی وەزیری پەروەردەو پاشان وەزیری شارەوانی بەوەكالەت-ی پێسپێردراوە.

ساڵی 1999 كراوەتە جێگری فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هەر لەو ساڵەدا یانەی وەرزشی پێشمەرگەی دامەزراندووەو بۆتە سەرۆكی یانەكە. دوا پلەشی ئەندامی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) بووە.

رۆژی 9-8-2007 جەبار فەرمان  بەهۆی نەخۆشییەوە لەشاری (سلێمانی) كۆچیی دواییكرد. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن