هۆكاری بەئامانجكردنی تاوەرەكانی كارەبا لەعیراق چییە؟

ڕاپۆرت

18/08/2021     ژمارەی بینراو 268

راچڵەكین-AA

لە كاتێكدا نەبوونی كارەبا لە بەشێك لە شارەكانی عیراق بووتە هۆی ناڕەزایەتی خەڵك و خۆپیشاندان، لە چەند مانگی رابردوودا، ١١٠ تاوەری گواستنەوەی كارەبا لە سنووری پارێزگاكانی بەغدا، نەینەوا، كەركووك، سەڵاحەددین و دیالە كراونەتە ئامانج و تەقێندراونەتەوە.

لەئێستادا یەكێك لە ھەر پێشھاتە گرنگەكانی عیراق كە بووەتە جێگای باسی گەرمی رۆژ، بە ئامانجكردنی تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبایە لە سنووری پارێزگاكانی بەغدا، نەینەوا، كەركووك، سەڵاحەددین و دیالە، ئەوە لە كاتێكدایە نەبوونی كارەبا لە بەشێك لە شارەكانی عێراق بووتە هۆی ناڕەزایەتی خەڵك و خۆپیشاندان.

لە چەند مانگی رابردوودا، ژمارەیەك ھێڵی گواستنەوەی كارەبا لە سنووری پارێزگاكانی بەغدا، نەینەوا، كەركووك، سەڵاحەددین و دیالە كە بەرھەمی كارەبای ٤٠٠ كەی ڤی بوون، بە كردەی تێكدەرانە و تیرۆریستی كراونەتە ئامانج كە بەھۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە ١١٠ تاوەری گواستنەوەی كارەبا لەو ناوچانە تەقێندراونەتەوە، ئەوەیش لە كاتێكدا بۆ چەندین جار سوپای عێراق جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە پلانی باش بۆ پاراستنی تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا لەو ناوچانە دانراوە.

بەئامانجكردنی تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا لە سنووری پارێزگاكانی بەغدا، نەینەوا، كەركووك، سەڵاحەددین و دیالە كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی دروست كردووە و بەھۆیەوە ھاووڵاتییانی ئەو پارێزگایانە بۆ چەندین جار خۆپیشاندانیان دژبە نەبوونی كارەبا ئەنجامداوە.

بە ئامانجگرتنی كەرتی كارەبای عێراق لە هەندێك ناوچە تەنانەت كاریگەری خستووەتە سەر گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان و لە دوا كردەوەی تێكدەرانەدا بۆ سەر هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا لە ناوچەی تارمیە باكووری بەغدا، ئاوی خواردنەوەی هەموو ناوچەی كەرخ لە بەغدا بڕا.

لە مانگی رابردوودا، بەھۆی خراپبوونی رەوشی كارەباوە وەزیری كارەبای عێراق، ماجد حەنتوش نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كرد و دەستلەكاركێشانەوەكەی لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی پەسەندكرا.

ــ لە ساڵی ٢٠٠٥وە ٨١ ملیار دۆلار بۆ كەرتی كارەبا خەرجكراوە


لە ساڵی ٢٠٠٣وە، حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەردەوام بەرەوڕووی قەیرانی كارەبا بوونەتەوە و نەیانتوانیوە قەیرانەكە چارەسەر بكەن، ئەوەیش لە كاتێكدا لە ساڵی ٢٠٠٥وە بوودجەیەكی زۆر بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كارەبا لەو وڵاتە تەرخانكراوە.

پارساڵ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە سەربە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو لە ساڵی ٢٠٠٥وە، ٨١ ملیار دۆلار بۆ كەرتی كارەبا خەرجكراوە، بێ ئەوەی رەوشی كارەبا باش بكرێت.

بەڵام سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٠٣وە، ٨٠ ملیار دۆلار بۆ كەرتی كارەبا خەرجكراوە، بەڵام بەھۆی گەندەڵییەوە نەتوانراوە وزەی كارەبا وەك پێویست بۆ ھاووڵاتییان دابین بكرێت.

ساڵانێكی زۆرە، ھاووڵاتییانی عێراق دژبە بەردەوامی بڕینی تەزووی كارەبا ناڕەزایەتیی دەردەبڕن بە تایبەتیش لە وەرزی ھاویندا كە زۆرجار پلەكانی گەرما دەگاتە سەرووی ٥٠ پلەی سەدی.

ــ ھەوڵەكانی عیراق بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبا بەتۆڕی وڵاتانی كەنداو

لە ساڵانی رابردوودا، عێراق بۆ ھاوردەكردنی كارەبا پشتی بە ئێران بەستبوو بەڵام لە ئەیلوولی ٢٠١٩دا، حكوومەتی عێراق رێككەوتنێكی لەگەڵ ئەنجوومەنی ھاریكاریی كەنداو واژوو كرد كە بەپێی رێككەوتنەكە، كارەبای عێراق بەتۆڕی وڵاتانی كەنداو دەبەستێتەوە. لەم كاتەدا بە ئامانجگرتنی ئەو تاوەرانە پێ دەچێت هەوڵێك بێ بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لە بەردەم ھەوڵەكانی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كارەبا و سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمیش دەڵێت، "دەستی تیرۆر و ئەوانەی چاكەی عێراقیان ناوێت تاوەرەكانی گواستنەوەی تەزووی كارەبا دەكەنە ئامانج".

ناكۆكییەكان كاتێك ئاشكرا بوون كە گوتەبێژی دامەزراوەی وەبەرھێنانی كارەبای ئێران، مستەفا رەجەبی مەشھەدی رایگەیاندبوو كە بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە وەرزی ھاویندا و كێشەكانی دابینكردنی كارەباوە، ھەناردەكردنی كارەبایان بۆ عێراق راگرتووە. بەڵام ئەوە پێدەچوو رەهەندی رووكەشی دۆخەكە بێت، لە راستیدا پرسی نەدانەوەی قەرزەكانی عێراق بە ئێران بووبێتە گەورەترین كۆسپی بەردەم هەناردەكردنی كارەبای ئێران بە عێراق.

دەگوترێت، عێراق شەش ملیارد دۆلار بە ئێران قەرزدارە بەڵام بە هۆی گەمارۆكانی ئابووری سەر ئێران ناتوانرێ پارەی راستەخۆ رەوانەی ئێران بكرێتەوە و لەم بارەیەوە بەرپرسانی عێرقی داوای كاتی زیاتریان لە ئێران كردووە. بۆ چەندین جاریش سەردانی هەریەك لە وەزیرانی ئابووری و وزەی ئێران و هەوڵەكانیان بۆ گەڕاندنەوەی پارەكە بێ سوود بوو.

كۆتاییەكانی ئاداری ئەمساڵ، سەرۆكوەزیران مستەفا كازمی سەردانێكی بۆ سعوودیە ئەنجامدا و لەگەڵ شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان كۆبوویەوە. وەك لە بەیاننامەی هاوبەشی دوو وڵاتدا بینرا، مەبەست لەم دیدارە كە بە گشتی پەرەپێدانی هاوكاریی دوو لایەنە راگەیەندرا، بەڵام "بەشداری پێكردنی سعوودیە لە بواری سەرمایەگوزاری ژێرخانی عێراق" بەشێكی گرنگی راگەیەندراوە هاوبەشەكە بوو. كازمی و بن سەلمان لەسەر دامەزراندنی سندووقێكی دارایی بە قەبارەی سێ ملیار دۆلار رێككەوتن كە زۆربەی بوودجەكەی لە لایەن سعوودیەوە دابین دەكرێت و مەبەست لێی بووژاندنەوەی ژێر خانی ئابووری عێراقە و بە تایبەتیش كاركردنی لەسەر پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا و دابینكردنی كارەبای عێراق راگەیەندرا.

عێراق لە ئەیلوولی ٢٠١٩دا، رێككەوتنێكی لەگەڵ ئەنجوومەنی ھاریكاریی كەنداو واژوو كرد كە بەپێی رێككەوتنەكە، ھێڵێكی گواستنەوەی كارەبا بە درێژایی ٣٠٠ كیلۆمەتر دروست دەكرێت كە ٨٠ كیلۆمەتری لەناو عێراق و ٢٢٠ كیلۆمەترەكەی دیكەیش لەناو خاكی كوێت دەبێت.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق، ئەحمەد عەبادی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە كە تا ئێستا عێراق، ٨٦ لەسەدای پابەندبوونەكانی تایبەت بە پڕۆژەكە جێبەجێكردووە.

ئەو پلانەی حكوومەتی عێراق وەك جێگرەوەیەك بۆ كارەبای ئێران دادەنرێت و بۆ ئەم مەبەستە عێراق دەستی بە گفتوگۆلەگەڵ بانكی نێودەوڵەتیی كردووە بۆ وەرگرتنی قەرز، بۆ ئەوەی بتوانێ قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبا عێراق بەتۆڕی وڵاتانی كەنداو لە ھاوینی ٢٠٢٢دا، تەواو بكات.

بەرپرسانی عێراق جەخت لەوە دەكەنەوە كە لە كاتی تەواوكردنی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە لە ھاوینی داھاتوودا، ٥٠٠ میگاوات كارەبا بۆ عێراق دابین دەكرێت.

بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا، لەئێستادا عێراق ١٩ ھەزار میگاوات كارەبا بەرھەم دەھێنێت لە كاتێكدا بۆ پڕكردنەوەی پێدوایستییەكانی ھاووڵاتییان، دامەزراوە حكوومییەكان و كارگەكان پێویستی بە ٣٠ ھەزار میگاوات كارەبا ھەیە.

ــ ئەو لایەنانە كامەن كە لە پشت بەئامانجكردنی تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەباوەن لە عێراق؟

لەئێستادا حكوومەتی عێراق ھەوڵەكانی بە ئامانجی تەواوكردنی پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبا بەتۆڕی وڵاتانی كەنداو خستووەتەگەڕ، چونكە ئەو ھەنگاوە تاڕادەیەك دەبێتە مایەی چارەسەركردنی بەشێك لە قەیرانی كارەبا.

ئەوە سەرەتای رێگەیەكی گرنگ بوو بۆ عێراق لە دابینكردنی كارەباكەی لە لایەن وڵاتانی كەنداو وەك جێگرەوەیەك بۆ كارەبای عێراق. خاڵی سەرنجڕاكێش لەم كاتەدا، كە عێراق سەرقاڵی بەستنەوەی كارەبایە بە تۆڕی وڵاتانی كەنداو، زیاتر پەرەسەندنی هێرشەكانە بۆ سەر كەرتی كارەبای عێراق و بەرپرسانی عێراقیش ئاماژە بەوە دەكەن كە ئامانج لە بە ئامانجكردنی تاوەرەكانی كارەبا، دروستكردنی ئاستەنگە لە بەردەم ھەوڵەكانی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كارەبا.

حكوومەتی عێراق ئاماژە بەوە دەكات كە تیرۆریستان و ئەو لایەنانەی كە چاكەی عێراقیان ناوێت، تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا دەكەنە ئامانج.

لە ماوەكانی رابردوودا، رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بەرپرسیارییەتی خۆی لە بەئامانجكردنی تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا لە ژمارەیەك ناوچەی عێراق راگەیاندبوو.

لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەمنی كردبوو لەبارەی بەئامانجكردنی تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا.

مستەفا كازمی لە میانی كۆبوونەوەكەدا، داوای لە فەرماندە ئەمنی و ھەواڵگرییەكان كردبوو كە پلانی نوێ بۆ پاراستنی تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا لە ژمارەیەك ناوچەی عێراق دابنێن، ھەروەھا داوایشی كردبوو كە شانەی قەیرانەكان بۆ پاراستنی تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا پێكبھێندرێت

دوای كۆبوونەوەكەیش سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە تویتێكدا لەبارەی ئامانجی تاوەرەكانی كارەبا نووسیبووی "دەستی تیرۆر و ئەوانەی چاكەی عێراقیان ناوێت، بەنیازن لە رێگەی لێدان لە تاوەرەكانی كارەباوە كارتەكان تێكەڵ بكەن پاش زیادبوونی زۆری بەرھەمھێنانی وزە؛ ئەمەش بەڵگەی بێھوابوونی تیرۆرە".

مستەفا كازمی راشیگەیاندبوو "ھەوڵەكان بۆ چاككردنەوەی زیانەكان، ھێزە قارەمانەكانیش دەستی ئەوانە دەبڕن كە یاریی بە تواناكانی گەل دەكەن".

لە پێشهاتێكی دیكەشدا گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، ژمارەیەك كەس كە تێوەگلاون لە بە ئامانجكردنی تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا دەستگیركراون و لە میانی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا، دەركەوتووە تیرۆریستانی داعشن و گوتی: "ئامانج لە بەئامانجكردنی تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا، خوڵقاندنی گرژیی و نیگەرانییە لە بواری ئەمنیدا".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن