کاریگەری هەندێک دەرمان لەسەر چاو

تەندروستی

20/08/2021     ژمارەی بینراو 925

کاریگەری هەندێک دەرمان لەسەر چاو


ڕاچڵه‌كین- 

زۆربەی هەرە زۆری دەرمانەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری لاوەکی لەسەر جەستە دروستدەکەن، مەبەست لەم بابەتە تەنها پێدانی زانیارییە نەک وازهێنان لە دەرمانەکان، چونکە ئەگەری ڕوودانی زیانە لاوەکیەکان بە بەراورد بە کاریگەریە باشەکانی دەرمانەکان، زۆر کەمترە، دكتۆر ئه‌بوبه‌كر پسپۆری نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو له‌م بابه‌ته‌دا كۆمه‌ڵێك ده‌رمانی باسكردوه‌ كه‌ كارده‌كه‌نه‌ سه‌ر بینایی.

1- دەرمانی Adalimumab بەکاردێت بۆ نەخۆشی ڕۆماتیزم کێشەی جومگەو بربڕەکان، لە هەندێک نەخۆش دەبێتە هۆی هەوکردنی دەماری بینین (optic neuritis ).

2- دەرمانی Alendronate و Pamidronate کە لە کەسانی بە تەمەن بۆ داوەشانی ئێسک (هشاشه‌ العضام) بەکاردێن، لەهەندێک نەخۆش دەبێتە هۆی هەوکردنی ڕەنگینەی چاو، سپێنەی و هەروەها چینی سەر سپێنەی چاو.

3-  دەرمانی Amiodarone بەکاردێت بۆ ڕێکخستنەوەی لێدانەکانی دڵ، لە هەندێک نەخۆش دەبێتە هۆی ترسانی چاو لە ڕووناکی و دەرکەوتنی پەڵە لەسەر گلێنەی چاو.

4-  دەرمانی Aripiprazole کە بۆ هەندێک جۆری نەخۆشی دەروونی بەکاردێت، لەهەندێک نەخۆش دەبێتە هۆی بینینی شتەکان بە دوو.

5-  دەرمانی Carbamazepine کە بۆ چارەسەری گەشکە و ئازاری دەماری پێنجەم بەکاردێت، لەهەندێک نەخۆش دەبێتە هۆی لێلبوونی بینین، هەلوەسە، بینینی شتەکان بە دوو بە شێوەیەکی کاتی، تێکچوونی ماسولکەی جولێنەری چاو هەروەها لەرزینی چاو.

6- دەرمانی Cetrizine کە بۆ هەستیاری لووت بەکاردێت، لە هەندێک نەخۆش دەبێتە هۆی فراوانبوونی بیلبلەی چاو و سووڕانی مل و چاو.

7- دەرمانی Digoxin کە بۆ هەندێک نەخۆشی دڵ بەکاردێت، لە هەندێک نەخۆش دەبێتە هۆی زەردبینین، دروستبوونی شەبەنگ لەبەر چاو هەروەها هەوکردنی دەماری بینین.

8-  دەرمانی Ethambutol کە بۆ چارەسەری نەخۆشی سیل بەکاردێت، لە هەندێک کەس دەبێتە هۆی هەوکردنی دەماری بینین.
9- دەرمانی Ezogabine کە بۆ چارەسەری گەشکە بەکاردێت، لە هەندێک کەس دەبێتە هۆی تێکچوونی تۆڕەی چاو.

10- دەرمانی Fingolimod کە بۆ نەخۆشی ڕەقبوونی شانەکان (multiple sclerosis ) بەکاردێت.
لەهەندێک کەس دەبێتە هۆی ئەستووربوونی تۆڕەی چاو.

11- دەرمانی Hydrochlorthizide کە بۆ چارەسەری پەستانی خوێن لەگەڵ دەرمانی دیکە بەکاردێت، لەهەندێک کەس دەبێتە هۆی نزیکبینی لەناکاو نەخۆشی ئاوی ڕەش وشکی چاو.

12- دەرمانی Hydroxychloroquine کە بۆ نەخۆشی مەلاریا و هەندێک نەخۆشی پێست و نەخۆشیە ڕۆماتیزمیەکان بەکاردێت، لە هەندێک کەس دەبێتە هۆی تێکچوونی تۆڕەی چاو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن