بەسەرهاتێكی شەهیدان (كوێستانی و سێگردكانی) لە بیرەوەرییمدا

کەلتوور

07/09/2021     ژمارەی بینراو 645

لە ئەیلولی ساڵی 1987 مەفرەزەیەكی دوازدە كەسی مەڵبەندی چوارو رێكخراوی دووی كۆمەڵە بووین لەگەڵ هەردوو شەهیدی سەركردە (حەسەن كوێستانی و عەبدولڕەزاق سێگردكانی)، لە دۆڵی بالیسانەوە دەچووین بۆ گوندی وەرتێ، بە شاخی دەرەشێردا سەركەوتین و بەسەعاتێك گەیشتینە سەر شاخەكە، پشوویەكمانداو بە قسە خۆشەكانی شەهید كوێستانی هەموومان كەوتبووینە پێكەنین، كوێستانی لە قسەكانیدا زۆرجار وشەی (روحی برای) دەگوتەوە، زۆر لێی جوان و لەزاری خۆشبوو.

رێگایەك لەو شاخەوە دەچووە دۆڵی مەلەكان و رێگەیەكی تری دەچووە كوێستانەكانی ساوسێوكان، لای راستیشی دەكشێ بۆ شاخی ئاراسن كە بەرامبەریشی شاخی كارۆخە.

ئێمە رێگەی ئاراسنمان گرتەبەرو تا گەیشتینە كلكەی شاخی كارۆخ، پێنج سەعاتمان پێچوو، ئەو دۆڵە ئاوو و گژوگیای كەمەو ژیان تێیدا زەحمەتە، بۆیە هیچ دێیەكی لێ نییە.

لە كلكەی كاروخ بەلای چەپدا سوڕاینەوە بۆ دێی وەرتێ، گەروی مەنجەڵ دەكەوێتە پێشمان دەڕوانێتە شاخی زینەتیر و شاخی دڕەبی، لە ودیویشەوە چیای قەندیل دیارە كە بەگەوریی خۆی باوەشی بۆ دۆڵ و هەورازو نشێوەكان كردۆتەوە.

وەختێك لە وەرتێ نزیك بووینەوەو هەر بەڕێگەوە بووین، لە پڕ دەنگی رەتڵێك كاتیۆشامان بیست كە بە سەرماندا تێپەڕین، هەرئەوەندمان پێكرا هەر پێشمەرگەو خۆی لە زەویدا، رەتڵی دووەمیش هات و لە شاخی دڕەبی داو ئاگرو دوكەڵی لێهەستا، ئەوكاتە من لە دواوەی لای چەپ بووم، كە سەرم هەڵبڕی بینیم شەهید عەبدولڕەزاق خۆی دابوو بەسەر شەهید كوێستانیدا، وەك ئەوە وابوو نێچیرێكی گرتبێ‌، جا ئەوەی بینیبێتی دەزانێ كە شەهید عەبدولڕەزاق لە بەژن و باڵاو قەبارەدا لە كوێستانی گەورەتربوو.

مەترسی نەماو هەستاینەوە، هەستمكرد كوێستانی بۆڵەبۆڵی دەكردو شەهید عەبدولڕەزاقیش هەر پێدەكەنی.

دوای ئەوە پێشمەرگەكان دوو دوو چوون بۆ پشكنینی دەوروبەر و بەوجۆرە رۆیشتین تا گەیشتینە ناو وەرتێ، لەوێ سەرتیپ و پێشمەرگەكانی تیپی 87ی كارۆخ پێشوازییان لێكردین.

ئەو ماوەیە هەردوو شەهید سەردانی كەسایەتییە ناسراوەكانی سنوورەكەیان دەكردو شەوانیش لەگەڵ پێشمەرگەكانی تیپی 87ی كارۆخ دەچوونە نزیك رەبایەو سەربازگەكانی سوپای عیراق تا دەنگوباس و زانیارییان دەستبكەوێ، چونكە هەواڵ هاتبوو سوپای عیراق بەنیازە هێرش بكاتە سەر دۆڵی خانەقا كە بڕبڕەی پشتەوەی هێزی پێشمەرگەو هاووڵاتیانە.

دوای تەواوبوونی جەولەكەمان و گەڕانەوەمان لە وەرتێوە بۆ بارەگای خۆمان لە دۆڵی بالیسان، رۆژێك پرسیاری دیمەنەكەی ئەو رۆژەم لە شەهید عەبدولڕەزاق كرد كە بۆچی تۆ پێدەكەنیت و كوێستانیش بۆڵەبۆڵی دەكرد؟ وتی: مامۆستا هێرش ( لە پێشمەرگایەتیدا من ناوم مامۆستا هێرش بوو) لەڕووی سیاسی و ئەخلاقییەوە من بەرپرسیارم، كوێستانی بەرپرسی مەڵبەندو ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەیە، من دەبوو بەوكارە هەستم و هەر پارچەو تەقەمەنییەك بێت بەرمن بكەوێت نەك ئەو، ئیتر ئەوەندە لەپڕ خۆم پێداكێشا كوێستانی تووڕەبوو، بۆڵەبۆڵەكەی لەبەر ئەوەبوو، منیش گوێم پێنەداو توند باوەشم لێ بەرنەدا تا مەترسییەكە تەواو بوو، پێشی وتم: ئەبێ هەمومان روحی برایەتی كۆمانكاتەوە.

لە كاتێكدا شەهید عەبدولڕەزاق بە تەمەن لە كوێستانی گەورەتربوو، لێپرسراوی رێكخراوی دووی كۆمەڵەش بوو لە سنووری مەڵبەندی چوار، لە سەرەتاكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە پلەو ئەركی گەورەو گرنگی كۆمەڵەی لە ئەستۆ بووە، هەرئەویش كۆسرەت رەسوڵی هێناوەتە ریزەكانی كۆمەڵەوە.

پێشمەرگایەتی و خەباتی ئەوسەردەمە ئاوابوو، هەموو وەك برابوین بۆ یەكتری، كەچی لە شار و سەردەمی ئازادیدا، ئەورۆحە نەماو شتەكان پێچەوانە بوونەوە، بەداخەوە.

سەباح شوكر

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن