ئیسلامییەكانی مەغریب دووچاری شكستێكی گەورە بوونەوە

جیهان

09/09/2021     ژمارەی بینراو 164

راچڵەكین –

پارتی دادو گەشەپێدانی ئیسلامی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی مەغریب دووچاری شكستێكی گەورە بووەوەو ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان لە 125 كورسییەوە بۆ 12 كورسی دابەزی، بەو هۆیەشەوە ئەمینداری گشتی و تەواوی سەركردەكانی ئەو حزبە دەستیان لەكاركێشایەوە.

ئەمڕۆ 9-9-2-21، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی مەغریب راگەیەندرا، بەگوێرەی ئەنجامی كۆتایی، پارتی دادو گەشەپێدانی ئیسلامی، كە لەخولی پێشوودا گەورەترین پارتی ناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە بوو لەكۆی 395 كورسی، خاوەنی 125 كورسی بوو، سەركردایەتی ئەوهاوپەیمانێتییەشی دەكرد كە حكومەتی پێكهێنابوو، ئەمجارە تەنها 12 كورسی بەدەستهێنا.

لەیەكەمین كاردانەوەی ئەو حزبە ئیسلامییە، سەركردەكانی ئۆباڵی ئەو شكستە گەورەیان خستە ئەستۆی خۆیان و بڕیاریاندا دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ پێشكەش بكەن، لەسەرووشیانەوە سەعدەدین عوسمانی، ئەمینداری گشتی حزبەكە.

ئەمیندارێتی گشتی پارتی دادو گەشەپێدانی مەغریب لە راگەیەندراوێكدا، وێڕای لەئەستۆگرتنی ئەو شكستە گەورەیە، راشیگەیاندووە كە دەچنە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و لەوێوە درێژە بە خەبات دەدەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە كە دوای دەستلەكاركێشانەوەی تەواوی سەركردایەتی حزبەكە، بەم نزیكانە كۆنگەرەكی نائاسایی دەبەستن بۆ تاوتوێكردنی هۆكارەكانی دابەزینی بنكەی جەماوەرییان و دووچاربوونیان بەو شكستە گەورەیە.

بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی مەغریب، كە دوێنێ چوارشەممە ئەنجامدرا، پارتی گردبوونەوەی نیشتمانیی ئازادیخواز، كە پارتێكی لیبڕاڵە، توانی بە بەدەستهێنانی 97 كورسی، ببێتە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە، لەپلەی دووەمیش پارتی ئەساڵەو موعاسیرە دێت بە بەدەستهێنانی 82 كورسی، پارتی سەربەخۆییش لە پلەی سێیەم دێت و بووە خاوەنی 78 كورسی پەرلەمان، بەم جۆرەش ئەو سێ پارتە براوەیەی هەڵبژاردن دەتوانن حكومەتی داهاتووی مەغریب پێكبهێنن و كۆتایی بە حوكمڕانیی پارتی دادو گەشەپێدانی ئیسلامی بهێنن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن