حەشدی شەعبی 30 هەزار چەكداری دەركراو دەگەڕێنێتەوە ریزەكانی

عێراق

13/09/2021     ژمارەی بینراو 247

راچڵەكین –

وەزارەتی دارایی عیراق بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی 30 هەزار چەكداری حەشدی شەعبی دەدات، كە پێشتر بەهۆكاری جیاجیا لەریزەكانی ئەو هێزە دەركرابوون و گرێبەستەكانیان هەڵوەشێندرابووەوە.

ئەمڕۆ 13-9-2021، فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبین لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای هەوڵێكی زۆر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو چەكدارانەی حەشدی شەعبی، كە پێشتر گرێبەستەكانیان هەڵوەشێندرابووەوە، سەرەنجام وەزارەتی دارایی رەزامەندی لەسەر گەڕاندنەوەی 30 هەزار چەكدار دەربڕی و بودجەی تایبەتیش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكرێت.

فەیاز ئاماژەی بەوەكرد، لەسەردەمی ئەبومەهدی موهەندیس هەوڵی زۆر دران بەمەبەستی دووبارە گەڕاندنەوەی ئەو چەكدارانەی حەشدی شەعبی، كە پێشتر بەهۆكاری جیاجیا گرێبەستەكانیان هەڵوەشێندرابووەوە، وتیشی:" ئەنجومەنی نوێنەران بەهۆكاری سیاسی، ئامادەنەبوو بودجەی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی ئەو چەكدارانە بۆ ریزەكانی حەشدی شەعبی تەرخان بكات".

سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، جەختی لەوەكردەوە كە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ژمارەیەكی دیكەی چەكدارانی حەشد، كە گرێبەستەكانیان هەڵوەشێندراوەتەوە، راشیگەیاند، هیوادارین حكومەت كێشەی ئەو چەكدارانە بەزووترین كات چارەسەر بكات و مووچەیان بۆ ببەسترێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن