كۆیە.. خۆپیشاندان دەستی پێكردو رێگای هەولێر- سلێمانی داخرا

کوردستان

14/09/2021     ژمارەی بینراو 394

راچڵەكین –

بە هۆی ناڕەزایەتی لەدژی نەبوونی خزمەتگوزاریی، هاووڵاتییانی گەڕەكی هامون سیتی لە شاری كۆیە، خۆپیشاندانیان ئەنجامداو رێگای سەرەكیی هەولێر – سلێمانی-یان بەڕووی هاتووچۆدا داخست.

ئەمڕۆ 14-9-2021، ژمارەیەك هاووڵاتی نیشتەجێی پرۆژەی هامون سیتی لە كۆیە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی رێگاوبان، ئاو، ئاوەڕۆ و خراپی كارەبا، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و رێگای سەرەكیی هەولێر – سلێمانی-یان بەڕووی هاتووچۆدا داخست، تا ئێستاش رێگاكە نەكراوەتەوە.

شاڵاو خدر، یەكێك لە دانیشتوانی پرۆژەی هاموون سیتی، ئاماژەی بەوەدا كە پرۆژەكان لەئێستادا بەشێكیان تەواو نەبووەو خزمەتگوزاریی بۆ نەكراوەو بە كەڵكی ئەوە نایەت تیایدا نیشتەجێ بیت، بەڵام حكومەت داوای وەرگرتنەوەی پارەی مانگەی سلفەی عەقار دەكات.

وتیشی:" ئێمە وەك بەشداربووانی پرۆژەی هاموون سیتی، نزیكەی 13 ساڵە ئەو خانووانە كەس خۆی ناكاتە خاوەنی، هەندێك لە خانووەكانی پرۆژەكە نیوەی پارەكەی لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە وەرگیراوە، بەڵام خزمەتگوزاریی تێدا نییە".

سەبارەت بە هۆكاری خۆپیشاندانەكەشیان، ئەو هاووڵاتییە رایگەیاند، داوا لە شارەوانی، حكومەت و كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەین كە خزمەتگوزاریی بگەیەننە پرۆژەكەو بەتەواوكراوی بیدەنە دەستمان.

بەشێكی تر لە دانیشتوانی ئەو پرۆژەیە داوای قیرتاوكردنی رێگاوبان و راكێشانی ئاوی خواردنەوە و زیادكردنی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا دەكەن.

پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هامون سیتی، دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری كۆیەو لە 330 خانوو پێكدێت، بەڵام بەهۆی شكستهێنانی پڕۆژەكە، بەشێك لە خانووەكان تەواو نەكراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن