پەرلەمانتارێك لەسەر سزای نەبەستنی پێوەری ئاو نامەیەك ئاراستەی حكومەت دەكات

کوردستان

14/09/2021     ژمارەی بینراو 495

راچڵەكین –

عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو، لەنامەیەكدا كە بۆ حكومەتی ناردووە، سەپاندنی ئەم سزایەی بەسەر هاووڵاتیان بە نایاسایی و نادادپەروەرانە وەسفكردووەو هاوكات چارەسەری گرفتەكەشی خستووەتەڕوو.

دەقی نامەكە:

بۆ : سەرۆكایەتی حكومەت 

ئەم نامە پەیامی سەدان ھەزار ھاوڵاتی كوردستانە.. 

جگە لەم پەیامە بە ڕێكاری پەرلەمانی كارمان لەسەر ئەم دۆسیە كردوە..

سەدان ھەزار خێزانی ھەژار سزای (٥٠٠ ھەزار دینار) بۆ سەرەوەیان بۆ ھاتوەتەوە بەھۆی نەبەستنی پێوەری ئاو.. 

ڕەنگە بڵێن: ئەم سزا ئاساییەو بۆ خەڵك پێوەر نابەستێت..

بەڵام لە پشت ئەمەوە چەند ھۆكارو گرفتێك ھەن لەبری سزادانی خەڵك پێویستیان بە چارەسەرە.

جگە لەوەی ئەم سزا نایاسایەو پشتی بە ھیچ یاسایەك نەبەستوە..

چەندین گرفتی گەورەش ھەیە..

یەك: نابێ ئەگەر كۆمپانیاكە ئیلتزامی نەكردبێت بە گرێبەستەكەو و پێوەری زۆر خراپی ھێنابێت و ھەواش بخوێنێتەوەو بە گەرماو سەرما تێكبچێت، ھەر خەڵك ناچاربكرێت پێوەرێكی خراپ دابنێ..

دەكرێت ١٥ كۆمپانیا لە ژێر چاودێریدا نەبن و پێوەری ئاو بھێنن و بیفرۆشن! 

ئەمە جگە لە تێكچونی زۆری میكانیكی لە فەڕاڕەو عەدادو قەباغەكەیدا، ھەڵمگرتنی شوشەی سەرقەباخ و خوێندنەوەی ژمێرەی پێوەرەكە.. 

خوێندنەوەی ناڕاست و ھاتنەوەی پارەی زۆر گرفتێكی گەورەیە، كاتێك ھاوڵاتی دەبینێ كەسێك ملیۆنێك دیناری بۆ ھاتوەتەوە بەھۆی خراپی پێوەرەوە، ئیدی دەترسێت لە بەستنی پێوەر! 

پێشنیار: لیژنەیەكی پسپۆڕ دابندرێت و لەسەرجەم شارەكان پشكنین بكات، ئەگەر پێوەرەكە ئەو گرفتانەی تێدابوو دەبێت كۆمپانیا سزا بدرێت نەك ھاوڵاتی.. 

پاش چارەسەركردنی گرفتی پێوەرو ھەبوونی دڵنیایی شەش مانگ دابندرێ بۆ ھاوڵاتیان بۆ بەستنی پێوەر! دوای ئەو ماوە سزا جێگیر بكرێت.. 

دوو: بڕیارو یاسا دەبێت دادپەروەرانە بەسەر ھەمواندا جێگیر بكرێت، من لە بەڕێزتان دەپرسم ئەمە ڕەوایە.. 

لە گەڕەكێكی میللی ھەولێر یان چەمچەماڵ بە ١٥ ڕۆژ جارێك ئاو ھاتوتەوەتەوە پارەی كارەبا دەدەن و دەبێ پێوەر ببەستن و نەشی بەستن ٥٠٠ ھەزار دینار سزا دەدرێت،  پرۆژەی نیشتەجێبونی وەبەرھێنانیش ئاوی بەردەوامی ھەیەو پارەی ئاویش ناداتە حكومەت و پێوری نیەو سزاش نادرێت! ئەمە ڕەوایە! 

دەبێت پێوەرێكی ئاوی گونجاو بۆ ھەموویان بێت.. 

ھیواموایە ئەم گرفتە بۆ سەدان ھەزار ھاوڵاتی كەمدەرامەت چارەسەر بكەن بەڕێگای گونجاو..

عەلی حەمە ساڵح

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن