ئێران گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ ئەفغانستان دەستپێكردەوە

جیهان

15/09/2021     ژمارەی بینراو 149

راچڵەكین-

ئێران گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ ئەفغانستان دەستپێكردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی ئەفغانستان و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبان، ئەو گەشتانە بۆ ماوەیەك هەڵپەسێردرابوون.

میدیای فەرمی ئێران بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە یەكەم گەشتی ئاسمانی لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی مەشهەد بەرەو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كابول لەئەفغانستان ئەنجامدراوە.

ئاژانسی فارس بڵاویكردووەتەوە، گەشتەكە لەلایەن فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی ماهان، ئەنجامدراوە كە 19 دپلۆماتكاری ئێرانی هەڵگرتووە.

بڕیاریشە هەمان فڕۆكە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێكی تر لەفڕۆكەخانەی كابول-ەوە بەژمارەیەك سەردانیكەرەوە بگەڕێتەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هاشمی نەجاد لەمەشهەد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن