ئێران بووەتە هۆی کێشەی ناوخۆیی بۆ ئیسرائیل

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 166

راچڵەکین-

ناتانیاهو و دەزگا ئەمنییەکان لەسەر هێرشکردنە سەر ئێران بەرلە هەڵبژاردنەکان تووشی ناکۆکیی قوڵ بوونەتەوە

میدیاکانی ئیسرائیل بەرامبەر ڕەتکردنەوە فەرمییەکانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە وەستاونەتەوە و سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرای دەکەن کە ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان سوپا، دەسەڵاتی سیاسی و دەزگای هەواڵگریدا هەیە سەبارەت بە داڕشتنی بەرنامەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی هارتس، پلانەکەی بنیامین نتانیاهو بۆ لێدانی ئێران بەر لە هەڵبژاردنەکان درز و کەلێنی لە ناوخۆی موساد دروستکردووە، سەرەڕای پشتیوانیی رومن گوفمن، سەرۆکی نوێی موساد لەم پلانە کە پێشتر راوێژکاری باڵای سەربازیی نتانیاهو بوو، بەڵام بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەو دەزگایە دژایەتی توندی بیرۆکەکەیان کردووە، بەهۆی مەترسیی کاریگەرییە راستەوخۆکانی لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

لە بەرامبەردا دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد) ئامادە نەبوو ڕاستەوخۆ وەڵامی ئەم درزە ناوخۆییانە بداتەوە و لە راگەیەندراوێکدا تەنها ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ لێدوانێک لەسەر چالاکییە کارگێڕییەکان یان ئەو گفتوگۆیانە نادات کە لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجام دەدرێن.

لە لایەکی ترەوە، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بوونی هەر جۆرە ناکۆکییەکی لە نێوان کابینەی حکومەت و سوپادا سەبارەت بە دۆسیەی ئێران بە تەواوی ڕەتکردەوە، هاوکات بنیامین نتانیاهوش لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنەکان، ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە دەمەقاڵێی خۆی لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپا بە "قسەی پڕوپووچ" ناوزەد کرد.

ئەم وەڵامانەی بەرپرسانی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە تۆڕی ١٢ی ئیسرائیل ئاشکرای کرد ناکۆکییەکی توند لە نێوان نتانیاهو و ئەیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپادا سەرهەڵداوە، دوای ئەوەی زەمیر رەتیکردووەتەوە فەرمانێکی سەربازی جێبەجێ بکات کە رەنگە ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی نوێ لەگەڵ ئێران و داوای بڕیاری یاسایی نووسراو و واژووی کردووە.

لە کەشێکی وەها ئاڵۆزدا کە تەنها ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنەکان ماوە، گادی ئایزنکۆت، ڕکابەری سەرەکیی نتانیاهو، هێرشی توندی کردە سەر سەرۆک وەزیران و تۆمەتباری کرد بەوەی بەپێی بەرژەوەندییە کەسییەکانی مەترسییەکان گەورە دەکاتەوە و لە پێکان و بەدیهێنانی ئامانجەکانی جەنگدا تووشی شکستی گەورە بووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن