هاوپەیمانی فەتح: ئەگەر هەیە ئیسرائیل هێرشەكەی سەر حەشدی شەعبی ئەنجامدابێت

عێراق

15/09/2021     ژمارەی بینراو 76

راچڵەكین-

ھاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی ھادی عامری راگەیاند، ئەگەری ھەیە، ئەو ھێرشەی كە شەوی رابردوو كرایە سەر حەشدی شەعبی لە سنووری عێراق لەگەڵ سووریا، لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام درابێت.

ھاوپەیمانی فەتح راگەیەندراوێكی لەبارەی ھێرشەكەی شەوی رابردوو بۆسەر حەشدی شەعبی لە سنووری عیراق لەگەڵ سووریا بڵاوكردەوە و تیایدا ھاتووە "بەتوندیی ئەو ھێرشە سەركۆنە دەكەین كە شەوی رابردوو كرایە سەر ھێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری عێراق لەگەڵ سووریا".

لە راگەیەندراوەكەدا ھەروەھا ھاتووە "ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بە بەردەوامی بۆسەر سەروەریی عیراق، ئەوە دەخوازێت كە حكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵوێستی روون نیشان بدەن بە ئامانجی پاراستنی سەروەریی و ھێزە عێراقییەكان".

ئاماژە بەوەشدراوە، كشانەوەی ھێزە بیانییەكان، تاكە ھەنگاوە بۆ بەرگرتن لە ھێرشكردنە سەر سەروەریی عیراق.

ھاوپەیمانی فەتح راشیگەیاندووە ئەگەری ھەیە، ئەو ھێرشەی كە شەوی رابردوو كرایە سەر حەشدی شەعبی لە سنووری عیراق لەگەڵ سووریا، لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام درابێت و ھاتووە: "پێدەچێت قەوارەی زایۆنیزم، بڕیارەكەی حكومەتی عیراق بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ٣٠ ھەزار كارمەندی حەشدی شەعبی بۆسەر خزمەتەكانیان، ترساندبێتی".

پێشتر سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیا عیراقییەكانی راگەیاندبوو كە درەنگانی شەوی رابردوو، فڕۆكەیەكی جەنگیی نەناسراو، ھێزەكانی حەشدی شەعبی لە قەزای قائم سەربە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عیراق كردووەتە ئامانج و لە ئاكامدا، سێ ئۆتۆمبێلی حەشدی شەعبی سووتاون و زیانی گیانیی نەبووە. تا ئێستا ھیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەكە رانەگەیاندووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن