ئەنجومەنی وەزیران پلانێكی نیشتمانی پەسەند دەكات

کوردستان

15/09/2021     ژمارەی بینراو 182

راچڵەكین –

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، بەكۆی دەنگ (پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ 2021 - 2025) پەسندكردو جەختیشی كردەوە لەسەر زوو جێبەجێكردنی بڕیارەكانی تایبەت بە قەدەغەكردنی سیمكارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە كوالیتی ئاردی هاوردەكردەكراو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئەیلوولی 2021، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران تیشكی خستەسەر ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و جەختی لەوە كردەوە، كە پێویستە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە شێوەیەكی ئارام و مەدەنیانە و دوور لە ناوزڕاندن و یەكترشكاندن بەڕێوەبچێت. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەیە نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، داكۆكی لە بەرژەوەندییە گشتییەكان و ماف و شایستەكانی خەڵكی كوردستان بكەن و پێویستە ململانێ و كێبەركێیی نێوان حزب و لایەنە كوردستانییەكانیش، بە ئاراستەی بەرگریكردن بێت لە پرسە نیشتمانییەكان و مافەكانی گەلی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی بێ لایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێم و میدیا و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە گوێرەی یاسا بەركارەكان، بە شێوەیەك پێویستە ئامانجی سەرەكی هەموو حزب و لایەنە كوردستانییەكان ئەوە بێت، لە بەغدا بەیەكەوە داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵك بكەن .

پاشان لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆو وەزیرە پەیوەندیدارەكان، هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی چەند بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو كە تایبەت بوون بە قەدەغەكردنی سیمكارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە كوالیتی ئاردی هاوردەكردەكراو لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە ڕووی خۆراكی و تەندروستییەوە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە لە زوو جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە.

بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە بڕیاردان لە سەر ڕەشنووسی (پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ 2021 - 2025) كە لە كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرایەڕوو ، لە كۆبونەوەكەدا بە كۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند كرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردران، بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە و ئاگاداركردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێكردنی پلانەكە بە ئاراستەی برەودان بە مافەكانی مرۆڤ لە هەرێم.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا ، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ، ڕەشنووسی ( پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدان ڕێگاوبان لە هەرێمی كوردستان )ی خستەڕوو. ئەم ڕەشنووسە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بە هەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ئامادەكراوە.

ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختكردنەوە لە گرنگیی برەودان بە بواری ڕێگاوبان، بڕیاریدا وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لە ماوەی مانگێكدا، پێداچوونەوەی زیاتر بە ڕەشنووسەكەدا بكەن لە ڕووی قانونی و تەكنیكی وداراییەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێبینی وسەرنجانەی خرانەڕوو، تا ئەو پەیڕەوە ئامانجەكانی خۆی بەدیبهێنێ لە پاڵپشتی وەزارەت لە گەشەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان و دانانی پێوەر بۆ بەرجەستەكردنی دادپەروەریی لە دابەشكردنی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و ڕێگاوبان، لەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بە پێی شایستەبوون، ئەویش لەبەر ڕۆشنایی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە گرنگیدان بە بواری ڕێگاوبان، لە بڕگە سەرەكییەكانیەتی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن