شێرپەنجەی گەدە چیە و کێ مەترسی توشبوونی هەیە ؟
ڕاچڵهكین-
شێرپەنجەی گەدە جیادەکرێتەوە بە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان لە ناوپۆشی گەدە ، هەروەها ناودەبرێت بە gastric cancer ، ئەم جۆرەی شێرپەنجە قورسە بۆ دەستنیشانکردنی چوونکە زۆرینەی خەڵک نیشانەکان تێیاندا دەرناکەوێت لەسەرەتای قۆناغی نەخۆشیەکە، دكتۆر سهركهوت پسپۆڕی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەر و پەنکریاس و هەناوبینی لهم بابهتهدا زانیاری زیاتر لهسهر ئهم جۆرهی شێرپهنجه دهخاته ڕوو.
هۆکارەکانی شێرپەنجەی گەدە چین؟
گەدە یەکێکە لە ئەندامەکانی بەشی سەرەوەی ڕێڕەوی هەرسکردن کە فرمانی سەرەکی هەرسکردنی خۆراکە و پاشان ناردنی بەرەو ڕیخۆڵەکان ، شێرپەنجەی گەدە ڕوودەدات کاتێک ئەو خانە ئاساییانەی کە هەن لە ناو گەدەدا بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵ نەکراو گەشە دەکەن و وەرەم دروستدەبێت ، ئەم کردارەش بەشێوەیەکی هێواش و لەسەرخۆیی ڕودەدات ، شێرپەنجەی گەدە دروستدەبێت و گەشە دەکات بەماوەی چەندین ساڵ.
ئەو حاڵەتانە کامانەن کە مەترسی زیاتر دروستدەکەن بۆ توشبون بە شێرپەنجەی گــەدە؟
شێرپەنجەی گەدە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە دروستبونی وەرەم لە گەدەدا ، کۆمەڵێک هۆکار و فاکتەر هەیە کە مەترسی زیاتر دروستدەکات بۆ توشبون بە شێرپەنجەی گەدە هۆکارەکانیش خۆی دەبینێتەوە لە کۆمەڵێک حالەت و نەخۆشی تەندروستی ، لەوانە :-
1- حاڵەتی lymphoma کە گروپێکە لە شێرپەنجەی خوێن.
2- هەوکردن بە بەکتریای H-pylori کە زۆرجار دەبێتە هۆی ڕودانی برینی گەدە.
3- وەرەم یان برینی شێرپەنجەیی لە بەشەکانی دیکەی سیستمی هەرس.
4- حاڵەتی stomach polyps (بریتییە لە نا ئاسایی گەشەکردنی شانەکانی ناوپۆشی گــەدە).
هەروەها شێرپەنجەی گــەدە زیاتر باوترە لەگەڵ ئەمانەدا:-
1- کەسانی بەتەمەن ، بەتایبەت تەمەنی 50 ساڵ یان زیاتر.
2- ڕەگەزی نێر(پیاوان).
3- کەسانی جگەرەکێش.
4- ئەو کەسانەی کە پێشتر لە خێزانەکەیدا کەسی توشبو هەبوبێت.
5- دانیشتوانی جوگرافیایی تایبەت ، بەتایبەت چەند ناوچەیەکی ئاسیا.
6- مێژووی خراپ بەکارهێنانی ئەلکهول.
7- پێشتر نەخۆشەکە نەشتەرگەری گەدەی کردبێت
نیشانەکانی شێرپەنجەی گــەدە چین؟
توێژینەوەکان دەریان خستووە کە شێرپەنجەی گەدە هیچ نیشانەو دەرکەوتەیەکی نیە و سەرەتا هەستی پێناکرێت لە قۆناغی سەرەتایی حاڵەتەکە هەتا حاڵەتی گەشەسەندووی نەخۆشیەکە نزیکدەبێتەوە لەو کاتەدا چەند نیشانەیەکی باو دەردەکەون لەوانە:-
1- هێڵنجدان و ڕشانەوە.
2- زۆر دوبارەبونەوەی دڵەکزێ.
3- نەمانی ئارەزووی خواردن ، زۆرجار بەشێوەیەکی کتوپڕ دابەزینی کێش ڕودەدات.
4- دوای خواردنی بڕێکی کەمی خۆراک هەست بە تێربوون دەکرێت.
5- بوونی خوێن بە پیساییەوە.
6- زەردویی.
7- زۆر شەکەتی و ماندوویی.
8- ئازاری گەدە ، وە لەوانەیە ئازارەکە توندتر بێت لەدوای خواردن.
چۆن پشکنین ئەنجامدەدرێت بۆ شێرپەنجەی گــەدە ؟
زۆرجار لە قۆناغی گەشەسەندووی شێرپەنجەی گەدە پشکنینەکان ئەنجامدەدرێت، پشکنینەکانیش سەرەتا خۆی دەبینێتەوە لە فەحسە فیزیاییەکان بۆ دەرخستنی هەر بارێکی نائاسایی ، دواتر پشكنینی خوێن ئەنجامدەدرێت بۆ بەدەرخستنی بەکتریایی گەدە H-pylori ئەگەر هەبێت ، دوای ئەوەی کە پزیشک گوومانی بوونی شێرپەنجەی گەدەی کرد ئەوا پەنا دەباتە بەر فەحس و پشکنینی وردتر وەک :-
1- an upper gastrointestinal endoscopy
2- a biopsy تێیدا نمونەیەک یان سامپلێک وەردەگیرێت لە شانەی گەدە و پاشان پشکنینی بۆدەکرێت
3- فەحسە وێنەییەکان وەک CT-scan و X-ray.
چارەسەرکردنی شێرپەنجەی گــەدە:-
چارەسەرکردنی شێرپەنجەی گــەدە بە بەکارهێنان و ڕەچاوکردنی یەکێک یان زیاتر لەم ڕێگایانە دەبێت:-
1- چارەسەری کیمیایی chemotherapy.
2- چارەسەر بە تیشـکــدان radiation therapy.
3- نەشتەرگەری Surgery.
4- چارەسەری بەڕێگەی بەهێزکردنی سیستمی بەرگری immunotherapy وەک بەکارهێنانی دەرمان یان ڤاکسین.
بەشێوەیەکی گشتی هەڵبژاردنی جۆرێتی چارەسەرەکە پشت دەبەستێت بە قۆناغ و بنچینەی شێرپەنجەکە ، هەروەها تەمەن و تەندروستی گشتی کەسەکە ڕۆڵ دەبینن.
ئامانج لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەی گەدە بە مەبەستی ڕێگری کردنە لە بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە ، ئەگەر بێت و حاڵەتەکە پشت گوێ بخرێت و چارەسەر نەکرێت ئەوا مەترسی بڵاوبونەوەی هەیە بۆ ئەم بەشە سەرەکییانەی لەش ، وەک :-
1- سییەکان.
2- لیمفە گرێیەکان.
3- ئێسک .
4- جـگـــەر