پینتاگۆن: ئەگەری هەیە هەڕەشەی ئەمنی لەپشت لەكاركەوتنی فەیسبوك هەبێت

جیهان

04/10/2021     ژمارەی بینراو 174

راچڵەكین –

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پینتاگۆن) مەترسی خۆی نیشاندا كە ئەگەری هەیە هەڕەشەیەكی ئەمنی لەپشت لەكاركەوتنی لەناكاوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی فەیسبوك و واتسئاپ و ئینستاگرام هەبێت.

پینتاگۆن لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمشەو لەدوای لەكاركەوتنی هەرسێ تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك و واتسئاپ و ئینستاگرام لەزۆربەی وڵاتانی جیهان، بڵاویكردەوە، ئاماژەی بەوەكردووە كە مەترسی دەكرێت هەڕەشەیەكی ئەمنی لەپشت لەكاركەوتنی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانەوە هەبێت.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا راشیگەیاندووە، لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە بۆ دەستخستنی زانیاری پێویست لەبارەی ئەگەری هەبوونی هەر هەڕەشەیەكی ئەمنی كە بووبێتە هۆكاری لەكاركەوتنی فەیسبوك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە.

ئێوارەی ئەمڕۆ 4-10-2021، بەشێوەیەكی لەناكاو، هەرسێ تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك و واتسئاپ و ئینستاگرام لە عیراق و هەرێمی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی جیهان لەكاركەوتن.

كۆمپانیای فەیسبوك، كە هاوكات خاوەنی واتسئاپ و ئینستاگرام-یشە، لە روونكردنەوەیەكدا داوای لێبوردنی لە بەكارهێنانی هەرسێ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكە كردو راشیگەیاند كە كاردەكەن بۆ ئەوەی بەزووترین كات گرفتەكە چارەسەر بكەن و خزمەتگوزارییەكانی ئەو سێ تۆڕە بگاتەوە بە بەكارهێنەران.

هاوكات میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، لەدوای لەكاركەوتنی خزمەتگوزارییەكانی فەیسبوك، بەهای پشكەكانی ئەو كۆمپانیایە لە بۆرسەكانی جیهاندا بەڕێژەی 5.63% دابەزی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن