پەیامێك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە

کوردستان

08/10/2021     ژمارەی بینراو 1309

راچڵەكین –

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامی كۆتایی لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، ئامانجمانە متمانەی خەڵكی كوردستان بەدەستبێنین و نوێنەرانمان لە بەغدا لە چوارچێوەی ستراتیژی روونی مام جەلال كاربكەن بۆ چەسپاندنی مافە نەتەوەییەكانمان و ببینە داكۆكیكاری سەرسەخت لە دابینكردن و پاراستنی قووتی خەڵكی كوردستان.

دەقی پەیامەكە:

پەیامی كۆتایی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن

كوردستانیانی خۆشەویست…
لە دوایین ساتەكانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیك دەبینەوەو بە گڕوتینی دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان و رۆژانی راپەڕین و رزگاركردنی كوردستان لە چنگی بەعسی داگیركەر و بەرەنگاربوونەوەی تاریكپەرستانی داعش بەرەو سندوقەكانی دەنگدان دەچین.

ئەمڕۆ پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو، بە سوپاسێكی زۆرەوە پێشمەرگە قارەمانەكان، هێزەكانی ناوخۆ بە گڕوتینەوە بەشداری پڕۆسەكە بوون و دەنگیان دا، ئومێدەوارین ئێمەش بە هەمان رۆحیەتی ئەوانەوە لە پرۆسەكە بەشداربین.

خەڵكی قارەمان و تێكۆشەری كوردستان…
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزێكی رەسەنی خاوەن مێژوویەكی پاك و پڕشنگدار، پێشەنگ لە خەبات و قوربانیدان، داهێنەر لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمن و تێكشكێنەری پیلانەكان، بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڤاڵانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان لە پڕۆسەكە بەشدارین، بە پشتیوانی و پاڵپشتی تێكۆشەرانی گەلەكەمان و خەڵكی دڵسۆزو قارەمانی كوردستان چاومان لە سەركەوتنی گەورەیە، دەمانەوێ سەركەوین و سەركەوتنمان بكەینە دیاری بۆ رۆحی رابەرانمان مام جەلال و كاك نەوشیروان و سەرجەم تێكۆشەرانی گەلەكەمان.

وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئامانجمانە لە خانەقینەوە تا زاخۆ، لە سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری و شاری هەڵمەت و قوربانی، لە كەركوووكی قودسی كوردستان، لە هەولێری قەڵاو منارەو لانەی شێران، لە دهۆكا رەنگین و هەڵەبجەی بەناهەق شەهیدكراو، لە گەرمیانی ئەنفالكراو و راپەڕینی دەروازەی راپەرینەوە، لە بەغدای پایتەختی عێراق و لە موسڵی بریندار، متمانەی خەڵكی كوردستان بەدەستبێنین و نوێنەرانمان لە بەغدا، لە چوارچێوەی ستراتیژی روونی مام جەلال كاربكەن بۆ چەسپاندنی مافە نەتەوەییەكانمان و ببینە داكۆكیكاری سەرسەخت لە دابینكردن و پاراستنی قووتی خەڵكی كوردستان، خەبات بكەین لەپێناو زامنكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی دەستووری عێراق.

كوردستانیانی ئازیز…
بەشداریكردنتان لە پڕۆسەی دەنگدان مافێكی سەرەتایی خۆتانەو بە بەشداریكردنتان لە پرۆسەكە دەتوانن ببنە بەشێك لە رێڕەوی بڕیاردان لەم وڵاتە، دەنگدانتان بە كاندیدانی هاوپەیمانی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهێزتركردنی پێگەی كوردە لە بەغدا، یەكێتییەكی بەهێز لە بەغدا زامنی ژیانێكی سەقامگیرە لە هەرێمی كوردستان و راستكردنەوەی رێڕەوی بڕیاردانە لە بەرژەوەندی گەلەكەمان.

یەكێتییە خوێن سەوزەكان…
بە درێژایی مێژوو، یەكێتییەكەمان هەورازو نشێوی زۆری بینیوە، هەمیشە نەیارانمان خەونیان بە شكست و لەناوچوونی یەكێتی بینیوە، ئەوە ئێوەن نەتانهێشتووە خەونی نەیارانمان بێنەدی، ئەمجارەش بە بەشداری یەكێتیانەتان لە پڕۆسەكە و سەرخستنی كاندیدانمان دەتوانین بۆ یارو نەیاری بسەلمێنین كە یەكێتی هێزێكی رەسەنەو خاوەنی جەماوەرێكی پۆڵاینەو هەرگیز ناكەوێ، دەبێ ئەمجارە هەموومان پێكەوە بیسەلمێنین كە یەكێتی هێزێكە لەهەناوی خەڵكی كوردستانەوە هەڵقوڵاوە، هەر خەڵكی تێكۆشەرو بە شەرەفی كوردستانیشن یەكێتی سەردەخەن و دەیسەلمێنن كە مامی هەموومان مام جەلال راستی فەرموو كە وتی سەفین لەبن بێ یەكێتی لەبن نایە.

داوا لە هەموو كادیرو ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان، كەسوكاری پێشمەرگە قارەمانەكان، زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر، خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان، بە تایبەت گەنجان و لاوان و ژنان، تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین دەنگ بدەن بە هاوپەیمانی كوردستان.

لەپێناو ئاسوودەكردنی رۆحی شەهیدانمان، لە پێناو سەرخستنی هاوپەیمانیەكەی مام جەلال و كاك نەوشیروان
لەپێناو دابینكردنی ئایندەیەكی گەش بۆ نەوەكانی داهاتوو و زامنكردنی ژیانێكی شایستە بۆ گەنجان و لاوانمان
دەنگ بدەن بە هاوپەیمانی كوردستان
بەیەكەوە بەھێزترین

مەكتەبی سیاسی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن