دە لێکەوتەی چارەسەرنەکردنی نەخۆشییە دەروونییه‌كان

تەندروستی

10/10/2021     ژمارەی بینراو 554

دە لێکەوتەی چارەسەرنەکردنی نەخۆشییە دەروونییه‌كان


ڕاچڵه‌كین-

ئەگەر کەسێک توشی جۆرێک لە جۆرەکانی نەخۆشی دەروونی بووبێت، و چارەسەری نەکات، توشی چەند لێکەوتە و ماکێکی خراپ دەبێت، زۆرجار ماکەکانی لە خودی نەخۆشییەکە خراپترن و هەندێکجار لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت! لێرەدا دكتۆر جه‌عفه‌ر پزیشکی پسپۆڕی دەروونی (دە)  لێکەوتەی خراپی چارەسەرنەکردنی نەخۆشی دەروونی باسدەکات:

1-دابڕانی کۆمەڵایەتی و گۆشەگیری تاک؛ ئەم لێکەوتە بۆ زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەکان کە چارەسەرنەکرێن ڕاستە. بەتایبەت فۆبیای تایبەت و فۆبیای کۆمەڵایەتی، خەمۆکی، شیزۆفیرینیا، ڕاڕایی، کەمخۆری دەماری.

2-لەدەستدانی پیشە و بێکاری؛ هەندێک نەخۆشی دەبنە هۆی ئەوەی کەسەکە نەتوانێت پیشەکەی بە باشی بکات، ئەگەر چارەسەرنەکرێن مەترسییەکە بۆ بێکاری و نەتوانایی ئیشکردن زیاتر دەبێت. بۆنمونە شادبوون (مانیا) و ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەبنە هۆی لەکار دەرکردن.

3- کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی؛ بۆنمونە توڕەیی کە نیشانەی سەرەکی شڵەژانی دڵەڕاوکێی گشتییە دەبێتە هۆی بوونی کێشەی بەردەوامی نێوان هاوسەران، لاوازی سێکسی بەهۆی خەمۆکی دەبێتەهۆی جیابوونەوەی هاوسەران، توندوتیژی بەهۆی کەسییەتی دژەکۆمەڵەوە دەبێتەهۆی دوژمنایەتی نێوان خەڵکی، وەهم بەهۆی شیزۆفرینییاوە دەبێتە هۆی تاوانکاری و کوشتن!

4-دواکەوتن یان وازهێنان لە خوێندن؛ بۆنمونە فۆبیای قوتابخانە و دڵەڕاوکێی دابڕان دەبنە هۆی وازهێنان لە خوێندن، یان بەهۆی لاوازی تەرکیزکردن کەسەکە توانای فێربوونی کەمدەبێتەوە، ...

5-خۆکوشتن: بەتایبەت لە نەخۆشی خەمۆکیدا!

6-توشبوون بە نیشانە جەستەییەکان؛ چەندین نیشانەی جەستەیی توشی کەسەکە دەبن بەهۆی ئەوەی کە نەخۆشییەکی دەروونی هەیە و چارەسەری نەکردووە. بەتایبەت نەخۆشییە دەروونجەستەییەکان کە بەردەوام نیشانەی جەستەیی دروستدەکەن.

7-توشبوون بە نەخۆشی جەستەیی؛ بۆنمونە دڵەراوکێ ئەگەر چارەسەر نەکرا دەبێتە هۆی توشبوون بە برینی گەدە، یان کەمخۆری دەماری کە دەبێتە هۆی تێکچوونی کارەبایی دڵ، یاخود ڕاڕایی پاکوخاوێنی دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی پێستی دەست، ...

8-کۆنترۆڵنەبوون و خراپتربوونی نەخۆشییە جەستەییەکان؛ زۆرکەس کە توشی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو بەرزی فشاری خوێن، شەکرە، ڕەبووە، ... بوون، کاتێک کە نەخۆشییەکی دەروونییان هەیە، ناتواندرێت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییە جەستەییەکانیان بکرێت.

9-خراپتربوونی خودی نەخۆشییە دەروونییەکە؛ ئەگەر بە زوویی نەخۆشییە دەروونییەکە چارەسەر نەکرا، ئەوە نیشانەکانی زیاتر و توندتر دەبن و لەوانەیە توشی گرفتی تری دەروونی ببێتەوە!

10- درێژخایەنبوونی نەخۆشییە دەروونییەکە؛ هاتە درەنگتر چارەسەر وەربگیرێت، ئەگەری درێژخایەنبوونی زیاتر دەبێت.

لەپێناو خۆپاراستن لەم لێکەوتە خراپانە، هەوڵبدە بە زووترین کات، بەبێ شەرمکردن، چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکەت بکەیت!

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن