كۆمسیۆن وادەی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ئاشكرا دەكات

عێراق

12/10/2021     ژمارەی بینراو 717

راچڵەكین –

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایدەگەیەنێت، لەدوای یەكلاییكردنەوەی ئەو تانەو سكاڵایانەی لە ئەنجامەكان گیراون، كۆی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردن رادەگەیەنین، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانیش دەڵێت: زیاتر لە سێ هەزارو 100 وێستگە ماوە كە بەشێوەی دەستی دەژمێردرێنەوەو كاریگەریشی لەسەر ئەنجامەكان دەبێت.

جەلیل عەدنان، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردن كە تائێستا بڵاوكراونەتەوە، ئەنجامی كۆتایی نین و ئەگەری هەیە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

وتیشی:" تائێستا زیاتر لە سێ هەزارو 100 وێستگە لەسەرجەم پارێزگاكان ئەژمار نەكراون، كە لەبەغدا بەشێوەی دەستی دەژمێردرێن و دەخرێنەسەر كۆی ئەنجامە راگەیەندراوەكان".

لەبارەی وادەی راگەیاندنی كۆی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، جەلیل عەدنان ئاشكرایكرد، دوای یەكلاییكردنەوەی ئەو تانەو سكاڵایانەی كە لە پرۆسەكەدا گیراون، ئەنجامی فەرمی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران رادەگەیەنرێت.

سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، جەختی لەوەشكردەوە كە ئەنجامی ئەو وێستگانەی دەنگدان كە تائێستا ئەژمار نەكراون، ئەگەری زۆری هەیە كاریگەری بخاتە سەر ئەو ئەنجامانەی كە راگەیەندراون، بەو پێیەی رێژەی 6%ی كۆی دەنگدان پێكدەهێنێت.

لێدوانەكەی ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن لەكاتێكدایە چەندین حزب و قەوارەی سیاسی، سكاڵایان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تۆماركردووە، لەوانەش یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری، كە تەواوی پرۆسەی دەنگدانی گشتییان لەپارێزگای هەولێر رەتكردەوە.

دوێنێ 11-10-2021، د. مەجید محەمەد ئەمین، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی هەولێری ئەو حزبە، لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەهەر چوار بازنەكەی هەولێر دەستكاری دەنگەكان كراوەو بەڵگەمان هەیە كە لەهەولێر سندوقی دەنگدان براوەتە دەرەوەی بنكەكان، هەربۆیە تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە رەتدەكەینەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن