بەرپرسێكی باڵای گۆڕان روونكردنەوە لەبارەی یەكگرتنەوە لەگەڵ لایەنێك دەدات

کوردستان

14/10/2021     ژمارەی بینراو 758

راچڵەكین –

ئەندامێكی دەستلەكاركێشاوەی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، دەنگۆی یەكگرتنەوەیان لەگەڵ لایەنێكی تر رەتدەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، دەستێكی تێكدەر لەپشت بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵەیەو مەبەست لێی تێكدانی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانە.

ئاسۆ رەحیم، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، لە روونكردنەوەیەكدا كە بۆ رای گشتی بڵاویكردووەتەوە، رەتیكردووەتەوە پێشنیاری بۆ ڕێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن كردبێت كە بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی پێبێت و یەكگرتنەوە لەگەڵ لایەنی تر ئەنجام بدات.

لە بەشێكی روونكردنەوەكەدا هاتووە،" ئێمە سەر لەبەری ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە بەدرۆ دەخەینەوەو پێمان وایە ئەمە دەستێكی تێكدەرە لە ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە جێی دڵسۆزیان بۆ بزوتنەوەكەو هەوڵدانیان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان، هەمیشە لەڕێی ڕاگەیاندنی سێبەرەوە هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ تێكدانی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان".

ئەم روونكردنەوەیە لەكاتێكدایە، دوێنێ 13-10-2021، رێكخەری گشتی و سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، وەك هەڵوێستێك بەرامبەر شكستی حزبەكەیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و بەدەستنەهێنانی هیچ كورسییەك، دەستلەكاركیشانەوەیان راگەیاند.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن